میدیای فەرمی یەکێتی: حکومەتی هەرێم ٩٦٠ ملیار دینار داهاتی ناوخۆی هەبووە

  2024-03-30  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لەسەر دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان میدیای فەرمی یەکێتی زانیاری نوێ ئاشکرادەکات و دەڵێت، "حکومەتی هەرێم ٩٦٠ ملیار دینار داهاتی ناوخۆی هەبووە، بەڵام ئامادەنەبووە کورتهێنانی مووچە پڕبکاتەوە"


میدیای فەرمی یەکێتی بڵاویکردەوە، نزیکەی ٢٠ رۆژە حکومەتی عێراق مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی ناردووە، ئەمڕۆ شەممە ٣٠ی ٣، دەست بە دابەشکردنی کراوە.

دەڵێت، رۆژی ١١ی ٣ی ٢٠٢٤، وەزارەتی دارایی عیراق بڕی ٥٦٠ ملیار و ٢١٨ ملیۆن و ٣٧ هەزار و ٩١٢ دیناری خستە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات.

ئەوەشی ئاشکراکردوە، حکومەتی هەرێم مانگانە ٣٢٠ ملیار دینار داهاتی ناوخۆی هەیە واتە لە سەرەتای ئەمساڵەوە حکومەتی هەرێم ٩٦٠ ملیار دینار داهاتی ناوخۆی هەبووە، بەڵام ئامادەنەبووە کورتهێنانی مووچە پڕبکاتەوە.

باسی لەوەشکروە، لەماوەی سێ مانگی ئەمساڵدا ترلیۆنێک و ٢٢٦ ملیار دیناریشی لە بەغداوە بۆ هەرێم هاتووە، کە بەکۆی گشتی زیاتر لە ٢ ترلیۆن و ٢٠٠ ملیار دینار دەکات و لەو بڕ‌ەش تەنها ٩٤٩ ملیاری بۆ مووچەی یەک مانگ خەرجکردووە.

حکومەتی هەرێم مووچەی مانگەکانی ١٠ و ١١ و ١٢ی ساڵی رابردووی دابەشنەکردووە و تائێستاش چارەنووسی مووچەی ئەو سێ مانگە دیار نییە، لە ساڵی ٢٠٢٤ تائێستا تەنها یەک مووچەی دابەشکردووە و لە ئەمڕۆوە دەستی بە دابەشکردنی دووەم مووچەی ئەمساڵ کردووە.


ڕیکلام