حکومەتی هەرێم سەڕێژی مووچەی هەیە

  2024-04-03  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دوای ملاملانێیەکی زۆر لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دواجار وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم رێککەوتنی کۆتاییان کرد لەسەر ناردنی مووچەی هێزە ئەمنیەکان، ئەمڕۆش وەزارەتی دارایی عێراق وەک نیازپاکی بڕی ٣٥٣ ملیار دیناری خستە سەر هەژماری بانکی حکومەتی هەرێم

سەرچاوەیەکی تایبەت رایگەیاند:  ئەو بڕەی ئەمڕۆ بۆ هەرێم نێردراوە (٣٥٣ ملیار) دینارەو بۆ موچەی مانگی دوو تەرخان دەکرێت، ئێستا حکومەتی هەرێم لەبری کورتهێنان، بۆ خەرجی موچەی بڕی (٢ ملیار) دیناری بۆ دەمێنتەوە. 

سەرباری پارەی بەردەست و بەردەوامی دابەشکردنی مووچە لە بڕیاریکی چاوەڕوان نەکراودا، بەبڕیاری ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێم  موچەی فەرمانبەرانی پەرلەمانی کوردستانی بەهۆکارێکی نادیار راگرتووە. 

وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی روونکردوەتەوە کە، لەدرێژەی رێکارەکانی وەزارەتی دارایدا بۆ تەمویلکردنی موچەی هەرێم  بەگوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵی، فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەت دەستیکرد بە تەمویلکردنی پاشماوەی موچەی فەرمانبەرانی دامەزراوە ئەمنییەکانی هەرێم بۆ مانگی شوبات، ئەمەش بەگوێرەی ئەوەی لە نوسراوی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی ژمارە (٩١٣٣) لە ٣/٤/٢٠٢٤دا هاتووە، دوای تەواوکردنی سەرجەم مەرجە پەیڕەوکراوەکان لە تەمویلکردنی موچەی فەرمانبەرانی حکومەتی فیدراڵ، هەروەها پاڵپشت بەوەی لە نوسراوەکانی دیوانی چاودێری دارایی ژمارە (٨٤٢٢)ی رۆژی ٢٨/٣/٢٠٢٤و نوسراوی ژمارە (٨٦٧٠) لە رۆژی ١/٤/٢٠٢٤دا هاتووە".

 ناردنی پارە لە بەغدادەوە بۆ ئەم مانگە جیاوازبوو لەبری کورتهێنان حکومەتی هەریم پارەی بۆ دەمێنێتەوە چونکە، تەنیا بۆ موچەی مانگی (٢)ی ئەمساڵ، وەزارەتی دارایی عێراق بڕی (٩٥٢ ملیار) دیناری بۆ خەرجی موچەی هەرێم ناردووە (پیشتر بڕی ٥٩٩ ملیاری ناردووە لەگەڵ ٣٥٣ ملیاری هێزە ئەمنییەکان)‌، ئەمە لەکاتێکدایە  وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێ تێکڕای خەرجی موچە لە یەک مانگدا بڕی (٩٤٩ ملیار) دینارە، واتا بە هاتنی خەرجی موچەی هێزە ئەمنییەکان، حکومەتی هەرێم لەبری کورتهێنان ئەمجارە بڕی (٢ ملیار) دینار سەرڕێژی دەبێت بۆ خەرجی موچە. 


ڕیکلام