جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوایەک ئاراستەی حکومەتی هەرێم دەکات و دەڵێت،"ئەوەی بەغدا بەرامبەر هەرێمی دەکات شەڕفرۆشتن و بیانووگرتنە".
د. بەشیر حەداد، جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پشکی پارتی بە میدیای حزبەکەی راگەیاندوە: ئەوەی بەغدا بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان دەیکات شەڕ فرۆشتن و بیانوو پێ گرتنە، هەوڵێکە بۆ لەقاڵبدانی هەرێمی کوردستان و لاوازکردنی هەرێمی کوردستان، نەدانی مووچەیش پێوەندی بەوەوە هەیە کە حکوومەتی هەرێم لاواز بکات.
دەشڵێت: ئەمەی دەگوزەرێت هەوڵێکە بۆشکست پێهێنانی حکوومەتەکەی سوودانی، ئەمە شەڕێکی سیاسییە و بۆ خۆیانی دەکەن و هەرێمی کوردستانیشیان کردووە بە قۆچی قوربانی، دەنا ئەو هەموو بڕیارە هەیە بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بڕیاری دادگای فیدراڵی هەیە، رێککەوتنە سیاسییەکان کراون، بۆچی مووچە نادەن و نانێرن ئەگەر بابەتەکە لاوازکردنی هەرێم نییە.
ئاماژەی بەوەشداوە: دڵنیام فشاری زۆر لەسەر سودانی هەیە بۆ ئەوەی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نەنێرێت، ، بەڵام یاسا رێگەی پێداوە و دەسەڵاتی هەیە لە مادەی ٦٠ی یاسای بودجە و چەند یاسایەکی ئیدارەی دارایی دەڵێت، ئەگەر هاتوو یەکێک لەو سێکتەرانە جا سێکتەری دەرمانە یان بەشەخۆراک و مووچە ئەگەر هاتوو کورتهێنان هەبوو لە هەر ساڵێکدا ئەنجوومەنی وەزیران بۆی هەیە پارەیەکی زیاتر تەرخان بکات بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانە، کورتییەک لە مووچەی هەرێم روویداوە بۆچی پڕی ناکەنەوە.
بەسیر حەداد لە کۆتایدا داوایەک ئاراستەی حکومەتی هەرێمی دەکات و دەڵێت: داوا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم ئەو داهتی ناوخۆیەی کە هەیەتی نەیداتەوە بە بەغدا و لەگەڵ ئەو پارەی کە بەغدا ناردویەتی بیداتە مووچە باشترە لەو چاوەڕاونییەی بەغدا، ئەو چاوەڕوانییە مووچەخۆر تووشی ناڕەحەتی دەکات، ناکرێت دوو مانگە مووچە نەدراوە.