لە کاتێکدا کە سوریاییەکان ئاهەنگی ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد دەگێڕن، دوای زیاتر لە ٥٠ ساڵ لە فەرمانڕەواییەکەی باوکی و دواتر خۆی، گەڕان بە دوای دەیان هەزاران سوریاییدا بەردەوامە کە باوەڕوایە هێشتا بێسەروشوێنن دوای ئەوەی دەستگیرکراون یاخود " دیارنەماون."
شارەزایانی مافەکانی مرۆڤ داوای پاراستنی بەڵگەکانی ئەشکەنجەدان و مەرگی زیندانییە سیاسییەکان دەکەن لە کاتێکدا کە دەرگاکانی زیندانەکانی وڵاتەکە دواجار کرانەوە.
نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان گییەر پیدەرسن ڕۆژی پێنجشەممە لە بەیاننامەیەکدا وتی " دەبێت گەڕان بە دوای بێسەروشوێنبووەکاندا بکەینە ئەرکی پێشینەمان و دڵنیا ببینەوە لەوەی خێزانەکان ڕوونکردنەوەیەک وەربگرن کە زۆر پێویستییان پێیەتی."
وتیشی " بەڵگەکانی کارە دڕندانەکان دەبێت بپارێزرێن و بە چڕی تۆمار بکرێن بۆ ئەوەی بەپێی یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی لێپێچینەوەیان لەسەر بکرێت. دادپەروەریی بۆ قوربانییان و خێزانەکانییان نەک تەنها مافە بەڵکو زۆر گرنگیشە بۆ چاکبوونەوە و ڕێگریکردن لە توندوتیژی زیاتر."
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی سوریا لە ساڵی ٢٠١١ ەوە دوای ئەوەی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد دەستیکرد بە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان کە دواتر بووە هۆی ھەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ لە سوریادا، هەزاران دەستگیرکردنی زۆرەملێ و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و ئەشکەنجەدانی تاوەکو مردن تۆمار کردووە.
بەپێی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی سوریا، لانیکەم ٢٣١,٠٠٠ هاووڵاتی سڤیل لە جەنگەکەدا کوژراون، ٢٠٢,٠٠٠ کەس لەو ژمارەیە لەلایەن ڕژێمەکەوە کوژراون و ئەوانی دیکەش لەلایەن گروپە چەکدارییە جیاوازەکانەوە کوژراون. تۆڕەکە دەڵێت ئەوانەی کە لەلایەن ڕژێمەوە کوژراون ٢٣,٠٠٠ منداڵ و ٢٢,٠٠٠ ژنییان تێدایە، هەروەها ١٥,٠٠٠ کەسی دیکەیان ئەشکەنجە دراون تاوەکو مردوون. هەروەها زیاتر لە ٩٦,٠٠٠ بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی تۆمار کردووە و نزیکەی ٤٠,٠٠٠ حاڵەتی دەستبەسەرکردنیشی تۆمار کردووە.
بەڕێوبەری تۆڕی مافەکانی مرۆڤی سوریا فازیڵ عەبدول غەنی بە دەنگی ئەمەریکای وت کە گروپەکەی بەردەوام چاودێری ئەوانەیان کردووە کە لە دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی ئەسەدەوە لە زیندانەکان ڕزگارییان بووە.
وتی " لە کۆی ١٣٦,٠٠٠ هەزار زیندانی کە ئازادکراون نزیکەی ٣١,٠٠٠ کەسییان بە زۆرەملێ دەستگیرکرابوون." وتیشی نزیکەی ١٠٥,٠٠٠ کەسی دیکە هێشتا بێسەروشوێنن.
وتیشی ڕێکخراوەکەیان لە ماوەی ١٤ ساڵی ڕابردوودا لێکۆڵینەوەی لە هەزاران بڕوانامەی مەرگ کردووە و " ئەوەش وایکردووە کە لە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی سوریا بتوانین ڕایبگەیەنین کە زۆربەی ئەوانە، ئەو ١٠٥,٠٠٠ کەسەی کە هێشتا بێسەروشوێنن، کوژراون."
ئەوەش هەواڵێکی ناخۆشە بۆ خێزانەکەن کە زۆربەیان زیاتر لە دە ساڵە ئومێدییان بەوە بووە کە ڕەنگە ڕۆژێک لە ڕۆژان ئازیزانییان ببیننەوە.
لەم هەفتەیەدا زۆرێک لە خێزانەکان بە ناو زیندانێکی سەربازیی ناوبانگ خراپدا دەگەڕان لە دەرەوەی دیمەشقی پایتەخت کە بە سەیدنایا ناسراوە. لە ساڵی ٢٠١٧ دا ڕێکخراوی ئامنستی نێودەوڵەتی وتی زیندانەکە " قەسابخانەیەکی مرۆییە " کە تێیدا بەرپرسان بە بێدەنگی و بە شێوەیەکی بۆ ڕێکخراو هەزاران کەسییان کوشتووە.
ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لەم هەفتەیەدا زۆرێک لەو کەسانەیان پیشانداوە کە لە زیندانەکان دێنە دەرەوە و هەندکییان نیوە ڕووتن و هەندێکییان هیچییان لە پێدا نیە و هەندێکیشیان تەنانەت ناوی خۆشییان بیرچووەتەوە.
هەندێک لە زیندانەکان تەنانەت پێش دەستپێکردنی جەنگەکەش لە زینداندا بوون، بەپێی ڤیدیۆکان کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە، زیندانی سەیدنایا ژووری ئەشکەنجەدانی تێدایە و دیوار و زەوییەکەی بە خوێنی چەندین ساڵە و کەڕوو و پیسی ڕەش بوونەتەوە.
پڕۆفیسۆری زانستە سیاسییەکان پاولۆ پینھیێرۆی بەڕازیل لە ساڵی ٢٠١١ ەوە سەرکردایەتی کۆمسیۆنێکی سەربەخۆی نێودەوڵەتی کردووە بۆ لێکۆڵینەوەکان لەسەر کۆماری سوریای عەرەبی. ڕژێمەکەی ئەسەد ڕێگەی نەداوە ئەو کۆمسیۆنە بچێتە سوریاوە، بەڵام کۆمسیۆنەکە کارەکەی خۆی ئەنجام داوە، لە ماوەی شەڕی ناوخۆی وڵاتەکەدا لێدوانی لە زیاتر لە ١١,٠٠٠ ڕزگاربوو و شایەتحاڵی پێشێلکارییەکان و کارە دڕندانەکان وەرگرتووە.
پینهیێرۆ وتی سەیدنایا پەیوەندییەکی نزیکی بە حکومەتەوە ھەبووە.
پینهیێرۆ بە دەنگی ئەمەریکای وت " دەزانین چی یەکەیەک بەرپرس بووە لە دەستبەسەرکردنی زۆرەملێ، دەزانین کێ بەشدار بووە لە هەر سەنتەرێکیدا، سەرکردایەتی سەنتەرەکە، پەیوەندیکردن لەگەڵ ڕێکخراوە ناوەندییەکانی دەوڵەتی سوریادا."
وتیشی دەبێت بەڵگەکان بپارێزرێن بۆ بەرپرسانی نوێ.
وتی " ئێمەش بە نیازین پەیوەندی بە بەرپرسانی نوێوە بکەین بۆ جەخت کردنەوە لەم پێویستییە. پێم وایە ئەوە لە بەرژەوەندی بەرپرسە نوێیەکانە کە بەڵگەکان بپارێزرێن."
بەرپرسانی نوێی سوریا ئەندامانی گروپی ئیسلامی تەحریر شامن، کە تاوەکو ساڵی ٢٠١٦ بەشێک بوون لە ئەلقاعیدە. گروپەکە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی وەکو ئەمەریکاوە وەکو ڕێکخراوی تیرۆریستی ناسێندراوە.
سەرکردەی گروپەکە ئەبو محەمەد جۆلانی، کە سەرکردایەتی یاخیبووەکانی کرد بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دیمەشق و دوورخستنەوەی ئەسەد، ڕۆژی سێشەممە وتی ناوی ئەو بەرپرسانەی ڕژێمی پێشوو بڵاودەکاتەوە کە داواکراون لەسەر ئەشکەنجەدانی هاووڵاتیانی سوریایی.
پینھیێرۆ وتی لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سوریاوە لە ساڵی ٢٠١١ دا، کۆمسیۆنەکە ناوی ئەو کەسانەی تۆمار کردووە کە بەشداربوون لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و ئەشکەنجەدانەکاندا. ناوەکانییان لە قاسەیەکدان لە جنێڤ و لەبەردەستی کۆمسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکاندایە.
وتی " کاتێک حکومەت دادەمەزرێت، ئێمە زۆر خۆشحاڵ دەبین یارمەتیدەر بین بەم لیستە و بیدەین بە دەسەڵاتی دادوەریی."
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی سوریا لەم هەفتەیەدا داوای لە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن کرد ئەسەد ڕادەستی سوریا بکاتەوە بە مەبەستی دادگاییکردنی لەسەر ئەو تاوانانەی کە ڕژێمەکەی ئەنجامی داون، بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و بۆمبیشەوە دژی دانیشتوان لەو ناوچانەدا کە لە ژێر دەستی ئۆپۆزسیۆندا بوون.
عەبدول غەنی بە دەنگی ئەمەریکای وت کە بەرپرسانی نوێ دەبێت دڵنیایی بدەن لەسەر ئەوەی ئەسەد یاخود هەر ئەفسەرێکی ئاسایش و سەربازیی دیکە ئەشکەنجە نەدرێن.
وتی " ئەمە دەبێت ببێت بە یاسا کە هیچ کەس نابێت ئەشکەنجە بدرێت. ئامانجی شۆڕشەکە لابردنی دیکتاتۆری دڕندە و دەسەڵاتی بنەماڵەیە لە وڵاتەکەماندا و هەروەها ئامانج لێی ڕۆیشتنە بەرەو دیموکراسی و فەرمانڕەوایییەک کە ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرێت."
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا