وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل وەڵامی وەزارەتی دەرەوەی تورکیای دەداتەوە سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی چەند ناوچەیەکی سنووری سوریا لایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، تورکیا بە بەرنامە چووتە ناو خاکی سوریاوە، وە ئەو پرۆسەیە لە 2016، 2018، 2019 دەستپێکردووە و هەتا ئەمڕۆش بەردەوامە، ناوچەی دروستکردووە بۆ گروپە چەکدارەکانی لە بری ئەو کاردەکەن، وەکو لەشکری نیشتمانی سوریا کە لە ژێر کۆنترۆڵی خۆیدایە.
دەشڵێت، لە ئێستادا نزیکەی %15ـی خاکی سوریا لە ژێر کۆنترۆڵی ئەو هێزانەن کە تورکیا پاڵپشتییان دەکات. لەو ناوچانە کار بە لیرەی تورکی دەکرێت و بانک و پۆستی تورکی کاردەکەن.
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ئاماژە بەوەشدەکات، جگە لەوانە، لەشکری تورکیا بە فڕۆکەی جەنگی و درۆن ژێرخانی ناوچەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆردومان دەکات، و سوپای توركیا پشتیوانی ئەو هێزە جیهادییانە دەكات كە دژی كوردی سوریان.
لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیلدا هاتووە، دوایین وڵات بۆی هەبێت قسە لەسەر داگیرکاری لە سوریا بکات، تورکیایە کە 15% ی خاکی سوریا لە ژێر دەسەڵاتی گروپەکانی لە بری ئەو کاردەکەن و لە ژێر کۆنترۆڵی خۆیدان. هیچ پاساوێک نییە بۆ بەردەوامبوونی دەستدرێژی و توندوتیژی لە لایەن تورکیاوە لە دژی کوردەکانی سوریا.