وەزیری دەرەوەی روسیا هۆشداری دەداتە ئەمریکا و ناتۆ ئەگەربێت و هەڕەشە لە رووسیا بکەن بە مووشەکی نوێ ئەوە وەڵامێکی یەکلاکەرەوە وەردەگرن
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی "نۆڤستی" رایگەیاند: ئەگەر واشنتۆن و ناتۆ هەڕەشەی موشەکی نوێ بۆ روسیا بخولقێنن، وەڵامێکی یەکلاکەرەوە وەردەگرن لەشێوەی رێوشوێنی سەربازی تەکنیکی دژیان لە مۆسکۆوە.
ئاماژەی بەوشدا: لای خۆمانەوە ئامادەین بۆ هەر سیناریۆیەک لەبارەی بەرەوپێشچونی روداوەکان، لەهەمان کاتدا ئەو هەنگاوانەش بەهەند وەردەگرین کە دەگیرێتەبەر بۆ خولقاندنی دۆخێکی گونجاو بۆ گفتوگۆیەکی هاوسەنگ.
لاڤرۆڤ، پێداگریکرد لەسەر ئەوەی وڵاتەکەی تەنها بایەخ دەدات بەکاری گشتگیر بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری کێشمەکێشەکان لەگەڵ نەھێشتنی هۆکارە بنەڕەتیەکانی، کە بەپلەی یەکەم، پرسی فراوانکردنی ناتۆیە بەرەو رۆژهەڵات بە درێژایی چەندین ساڵ، ئەو پرسە بە دیاریکراوی بووە هۆی وروژاندنی قەیرانی ئۆکرانیا بەشێوەیەکی بەرچاو، تائێستاش هەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی روسیا.