بەڵگەنامەیەکی نوێ ئاشکرای دەکات؛ بەرپرسێکی باڵای ئەنەکەسە هاوکاری هەواڵگری سووریای کردووە

  2025-01-05  | 
دۆسیە:  سوریا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دوای دەستبەسەرداگرتنی دەزگای هەواڵگری پێشووی سوریا بەسەرجەم لقەکانیەوە و ئاشکرابوونی سەدان فایل، بەڵگەنامەیەک ئاشکرای کردووە د. عەبدولحەکیم حەواس بەشار، سکرتێری پێشووی پارتی دیموکراتی کوردستان-سووریا، پەیوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ دەزگای هەواڵگری ڕژێمی بەعسی سووریادا هەبووە.

بەڵگەنامەکە کە بە ژمارە (14885/13) لە 23ی ئەیلولی 2013 تۆمار کراوە، دەریدەخات کە ناوبراو لە ڕێگەی سیدییەکەوە 2879 نامەی زانیاری سەبارەت بە:
- بەڕێوەچوونی کۆنگرەی حیزبەکەی
- ناوی ئەندامانی حیزب
- شوێنی نیشتەجێبوونی ئەندامان لە سووریا و هەولێر
بۆ دەزگای هەواڵگری سووریا ناردووە.

بەڵگەنامەکە هەروەها ئاشکرای دەکات کە نەک تەنها ناوبراو، بەڵکو ئەندامانی باڵای دیکەی پارتی دیموکراتی کوردستان-سووریا موچە و ئیمتیازاتیان لەلایەن حکومەتی سوریا و بە دیاریکراوی لەلایەن دەزگای هەواڵگری ئەو وڵاتەوە وەرگرتووە.

جێی سەرنجە کە ئەم گرووپانە ئێستا خۆیان وەک ئۆپۆزسیۆنی سووریا پیشان دەدەن و بە پشتیوانی تورکیا هەوڵی بەهێزکردنی پێگەی خۆیان دەدەن لە سووریا، دەیانەوێت ئەو ئەزمونەی پارتی لە هەرێمی کوردستان لە دووبەرەکی و دوو حکومەتی و هێنانی دەستی بێگانە کردی بیبەنە ڕۆژئاوا.