جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لاوازبونی نفوزی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەری لەسەر عێراق نابێت، هەروەها بەغداش چاوی لەوەیە ڕێچکەی دیپلۆماسی خۆی لە ناوچەکەدا دابڕێژێتەوە و دەسەڵاتی گروپە چەکدارەکان سنوردار بکات.
موحسین مەندەلاوی، جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، "عێراق دەستیکردوە بە وەرگرتنی ڕۆڵە سروشتیەكەی خۆی لەناو دەوڵەتە عەرەبییەکاندا، ئێرانیش دراوسێیەکە کە پەیوەندی مێژوییمان لەگەڵیدا هەیە، پێگەی جوگرافی و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ دەوڵەتە عەرەبییەکان بابەتی جیاوازن".
موحسین مەندەلاوی، ئەندامی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەی دەسەڵاتداری عێراقە و بەوە ناسراون كە پەیوەندیەكی نزیكیان لەگەڵ ئێراندا هەیە، لەبارەی لاوازبونی هەژمونی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت، "پێموانییە لاوازبونی ئێران کاریگەری نەرێنی لەسەر عێراق هەبێت".
بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، مەندەلاوی کە خۆی بازرگانێکە كە هۆتێل، نەخۆشخانە و خزمەتگوزاری بانكی لە عێراقیدا هەیە، دەڵێت "ئەمڕۆ وڵاتێكی سەقامگیریمان هەیە، کۆمپانیا بیانییەکان دێنە عێراق".