دادگای فیدراڵی لە وەڵامی راگەیەندراوی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری رایگەیاند، بڕیارەکانمان بڕیاری کۆتایین و پابەندکەرن بۆ هەموو دەسەڵاتەکان.
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا وەڵامی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی دایەوە و رایگەیاند، بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدراڵی كۆتایی و پابەندكەرن بەگوێرەی حوكمەكانی ماددەی (94)ی دەستوری كۆماری عێراقی ساڵی 2025 كە دەڵێ (بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدراڵی كۆتایی و پابەندكەرن بۆ هەموو دەسەڵاتەكان).
دەشڵێت، هەروەها دەقی ئاماژەپێكراو هەموو ئەو حوكم و بڕیارانە دەگرێتەوە كە لەلایەن ئەم دادگایەوە دەرچووە، بە فەرمانە سالارییەكانیشەوە، هەروەك ماددەی ناوبراو هەموو بڕیارەكانی دادگای پاراستووە لە تانەلێدان و جێبەجێكردنیشی پابەندكردووە. بەوپێیەی دەستور بەڵگەنامەی گەلەو حوكمی دادگا دەستورییەكانیش پشت بە هێزی ئەو بەڵگەنامەیە دەبەستێت، كە هەمووان پابەند دەكات پێشێلی نەكەن و نەیشكێنن و پابەندی ناوەڕۆكەكەی بن.
راگەیەندراوەکەی دادگای فیدراڵی دوای ئەوە دێت، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لەبارەی راگرتنی هەمواری یاسای باری کەسی و یاسای گەڕانەوەی ماڵ و موڵک بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان و لێبوردنی گشتی لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە رایگەیاند، ناکرێت پەسەندکردنی یاسایەک رابگیرێت پێش ئەوەی لە رۆژنامەی فەرمیدا بڵاوبکرێتەوە.