کوڕەکەى ئەسەد وردەکارییەکانی دوا ڕۆژەکانی مانەوەیان لە دیمەشق و چۆنیەتی گەیشتنیان بە مۆسکۆ ئاشکرادەکات

  2025-02-13  | 
دۆسیە:  سوریا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
حافز ئەسەد، کوڕی سەرۆکی پێشووی سوریا بەشار ئەسەد، لە ڕێگەی کەناڵی تەلەگرامی خۆیەوە وردەکارییەکانی دوا ڕۆژەکانی مانەوەیان لە دیمەشق و چۆنیەتی گەیشتنیان بۆ مۆسکۆ ئاشکرا کرد. لە ڤیدۆیەکدا کە بۆ سەلماندنی ڕاستی و دروستی کەناڵەکەی بڵاوی کردەوە، چالاکوانانی سوری توانیویانە شوێنی نیشتەجێبوونی خێزانی ئەسەد لە مۆسکۆ دەستنیشان بکەن.

بەپێی نووسینەکەی حافز، لە ماوەی 14 ساڵی ڕابردوودا سوریا ڕووبەڕووی چەندین قەیران و مەترسی بووەتەوە، بەڵام هیچ کات بیریان لە جێهێشتنی وڵات نەکردووەتەوە. لە 20ی نۆڤەمبەر، حافز سەردانی مۆسکۆی کردووە بۆ پێشکەشکردنی نامەی دکتۆراکەی، لە 1ی دیسەمبەر گەڕاوەتەوە دیمەشق.

لە شەوی 7-8ی دیسەمبەر، دوای ئەوەی بارودۆخی سەربازی بە خێرایی خراپ بوو و هێزەکانی سوپا لە حەما، حەلەب و ئیدلیب پاشەکشەیان کرد، بەرپرسێکی ڕووسی داوای لە بەشار ئەسەد کرد بۆ ماوەیەک بچێتە لازقیە. 

حافز باس لەوە دەکات کە لە کاتژمێر 3ی بەرەبەیان گەیشتنە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق کە بە تەواوی چۆڵ کرابوو. لەوێوە بە فڕۆکەیەکی سەربازی ڕووسی بۆ بنکەی حمیمیم لە لازقیە گوازرانەوە کە نزیکەی 40 کیلۆمەتر لە فڕۆکەخانەوە دوورە. بەهۆی خراپی بارودۆخی ئەمنی و پەرتەوازەیی هێزە سەربازییەکان، فەرماندەیی بنکەکە بڕیاری دا خێزانی ئەسەد بۆ مۆسکۆ بگوازرێتەوە.

لە بەشێکی تری نووسینەکەیدا، حافز ئاماژە بەوە دەکات کە براکەی، کەریم، لە ڕۆژی 7ی دیسەمبەر تاقیکردنەوەی بیرکاری هەبووە لە پەیمانگای باڵای زانستە پراکتیکییەکان لە دیمەشق. هەروەها خوشکەکەی، زەین، بلیتی گەڕانەوەی بۆ دیمەشقی بۆ ڕۆژی 8ی دیسەمبەر کڕیبوو، بەڵام بارودۆخەکە بە خێرایی گۆڕا.

ئەم ئاشکراکردنە هاوکاتە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی چەندین ڕاپۆرت سەبارەت بە شوێنی مانەوەی خێزانی ئەسەد لە ڕووسیا، کە ئێستا لە ڕێگەی ڤیدۆکەی حافز ئەسەدەوە پشتڕاست کراوەتەوە و چالاکوانان توانیویانە شوێنی نیشتەجێبوونیان لە مۆسکۆ دەستنیشان بکەن.