دوای تەواوکردنی کارەکانی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراق، لەئێستا ئامادەکاری کراوە بۆ ئەوەی دەستبکرێت بە هاوتاکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچە خۆران
بەپێی زانیارییەکانی میدیای یەکێتی کە بڵاو کراوەتەوە، "وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تیمی تەکنیکی بەرێوەبەرایەتیی گشتیی بودجە لە بەغدا، گفتوگۆی لەبارەی هاوتاکردنی ناونیشانی وەزیفی و پلەی وەزیفی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق کراوە".
سەبارەت بە شێوازی هاوتاکردنی موچەی فەرمانبەران ئاماژە بەوەشکراوە، "کە پرۆسەی هاوتاکردنەکە گۆڕانکاری لە مووچەی نزیکەی 550 هەزار فەرمانبەران دروستدەکات، بەجۆرێک شەش پلەی وەزیفی گۆڕانکاریی لە مووچەکەیاندا دەکرێت، ئەوانەی پلەیان بەرزە، پلە یەک و دوو و سێ، مووچەیان کەمدەبێتەوە کە زیاتر بەرێوەبەرە گشتییەکان، بریکاری وەزارەتەکان، پلە تایبەت و شارەزا و پسپۆران دەگرێتەوە، ئەوانەشی پلەیان نزمە وەکو پلە هەشت و نۆ و دە، مووچەیان زیاد دەکات و پلەکانی دیکەش گۆڕانکاری لە مووچەیان دەکرێت".
بەپێی یاسای ژمارە 19ی ساڵی 2024 وەزارەتی دارایی عێراق داوای یەکخستنی پلەی وەزیفی کردوو، سەرەتا پلەکان رێکدەخرێن و دواتر دەست بە پلەبەرزکردنەوە دەکرێت کە لە ساڵی 2016 ەوە واتە ماوەی 9 ساڵە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی شارستانی لە هەرێمی کوردستان راگیراوە، بەهۆیەوە هەر فەرمانبەرێک دوو تاوەکو سێ پلەی فەوتاوە و مانگانە زیاتر لە 100 بۆ 150 هەزار دینار کەمتر لە شایستەی خۆی وەردەگرێت.