مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، لە یاسای بودجەدا مووچەی فەرمانبەران دەستەبەر كراوە و هیچ مەترسییەك لەسەر موچەكانیان نەهێڵراوە، هەروەها سەرەڕای ئەوە بودجە بۆ پرۆژەكانییش ئامادە كراوە.
دەشڵێت، بودجەی گشتی سێ ساڵە لە بنەڕەتدا لەسەر سیاسەتێکی دارایی بنیاتنراوە کە سیاسەتێکی دوو لایەنەیە، زۆرترین سنوریش (200) ترلیۆن دینارە و کەمترین سنوریش بریتییە لە (150) ترلیۆن دینار، هەروەها نرخی بەرمیلێک نەوت بە (70) دۆلارە، لەگەڵ کورتهێنانی گریمانەیی بۆ زۆرترین سنوری خەرجکردن کە (64) ترلیۆن دینارە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بودجەی گشتی دەتوانێت هەموو پێداویستییە سەرەتاییەکانی موچەی فەرمانبەران، خانەنشینی، چاودێری کۆمەڵایەتی، پاڵپشتی کشتوکاڵی و جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بە کەمتر لە (150-156) ترلیۆن دینار دابین بکات، کە بە کەمترین سنوری دارایی کورتهێنان لە ڕێگەی قەرزکردنی ناوخۆیی ئاسان و سادە دابین دەکرێت بەبێ ئەوەی کاریگەری لەسەر سەقامگیری ئابوری هەبێت.