لەدوای گیانلەدەستدانی ژنێک بەهۆی نەشتەرگەریی لابردنی چەوری وەزارەتی تەندروستی بڕیاریدا

  2025-04-24  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند، لەبەرامبەر نەبوونی پسپۆڕی بواری کاری نەشتەرگەری جوانکاری و نەبوونی ڕێگەپێدانی کارکردنی لە نەخۆشخانەی ناوبراو، وەزارەتی تەندروستی ڕێککاری توندی یاسایی گرتەبەر بەرامبەر بە پزیشک د. ئارام عبداللە محەمەد، دوای گیان لەدەستدانی هاوڵاتی (شۆخان عبدالله) لە شاری سلێمانی لە نەخۆشخانەی (سەفین )ی تایبەت کە نەشتەرگەری جوانکاری بۆ ئەنجام درابوو.

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ ئەم مەبەستە وەزارەتی تەندروستی بڕیاریدا بە:
1.پێکهێنانی لێژنەی لێکۆڵینەوە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە کێشەی گیان لەدەستدانی ناوبراو  بەپێی یاسای ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠٢٠ (یاسای ماف و ئەرکی نەخۆش لەهەرێمی کوردستان) و پەیڕەوی (پێکهاتە و ئەرکەکانی لێژنەی لێکۆڵینەوەی پیشەیی لە وەزارەتی تەندروستی) ژمارە (١٦)ی ساڵی ٢٠٢٢ بە ئامادەبوونی دادوەری داواکاری گشتی و نوێنەری سەندیکای پزیشکانی کوردستان.

2. ڕاگرتنی پزیشک (د. ئارام عبدالله محمد) بەناونیشانی پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی لەکارکردنی تا کۆتایی هاتنی لێژنەی لێكۆڵینەوە ، لەبەر ئەوەی ناوبراو سەرپێچی ڕێنمایی ژمارە (  ١٠ )ی ساڵی ٢٠٢٤  و فەرمانی وەزاری ژمارە (٤٣٠٤) لەڕێکەوتی ٣ /٧ / ٢٠٢٣ ی کردوە ، کەوا کاری پسپۆڕی ئەم پزیشکە نیە بۆ ئەنجامدانی ئەم جۆرە نەشتەرگەرییە بەڵکو ئەم نەشتەرگەریە کاری پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەری جوانکاریە نەوەک نەشتەرگەری گشتی.

3. پێبژاردنی نەخۆشخانەی (سەفین)ی تایبەت بەهۆی سەرپێچی کردنی یاسا و رێنماییەکان تایبەت بە نەبوونی رێگەپێدانی کارکردنی پزیشکی ناوبراو لە لیستی میلاکی ئەم نەخۆشخانەیە.

4. داخستنی هۆڵەکانی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەی ناوبراو لەپێناو سەلامەتی نەخۆش و چارەسەریەکان.