ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتی سووریا مەرسومێکی سەرۆکایەتی تایبەت بە کورد دەرکرد و تێیدا هاتووە، "دەوڵەت پابەند دەبێت بە پاراستنی هەمەجۆریی زمان و کولتوور و مافی کورد".
دەقی مەرسوومی سەرۆکایەتی تایبەت بە مافەکانی کورد لە سووریا:
١. ناسنامەی نیشتمانی: جەختکردنەوە لەوەی هاووڵاتیانی کوردی سووریا بەشێکی ڕەسەنن لە گەلی سووریا و ناسنامەی ئەوان بەشێکی جیانەکراوەیە لە ناسنامەی نیشتمانیی وڵات.
٢. پاراستنی کولتوور: دەوڵەت پابەند دەبێت بە پاراستنی هەمەجۆریی زمان و کولتوور و مافی کورد بۆ گەشەپێدانی کەلەپوور و زمانی دایکی خۆی.
٣. زمانی کوردی: داننان بە زمانی کوردی وەک زمانێکی نیشتمانی و ڕێگەدان بە خوێندنی لە قوتابخانەکان (حکومی و تایبەت) لەو ناوچانەی ڕێژەیەکی بەرچاوی کوردی لێ نیشتەجێیە.
٤. چارەسەری کێشەی ڕەگەزنامە: هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم بڕیارە جیاکارییەکانی سەرژمێری ساڵی ١٩٦٢ی پارێزگای حەسەکە، و بەخشینی ڕەگەزنامەی سووری بە هەموو ئەو کوردانەی بێبەش کرابوون (بیانی و مەکتوومولقەید) لەگەڵ یەکسانکردنیان لە ماف و ئەەرکدا.
٥. جەژنی نەورۆز: ناساندنی ٢١ی ئازار (نەورۆز) وەک پشووی فەرمی و جەژنێکی نیشتمانی لە سەرتاسەری سووریادا.
٦. قەدەغەکردنی جیاکاری: قەدەغەکردنی هەر چەشنە جیاکارییەکی ڕەگەزی یان نەتەوەیی لە میدیا و پەروەردەدا، و سزادانی هەر کەسێک کە هانی فیتنەی نەتەوەیی بدات.