داگیرکردنی تاریکی

  2020-12-13  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەبارەت بە ڕۆمانی (داگیرکردنی تاریکی)ی (بەختیار عەلی) / سەمیرە عەلی(سەلار)

داگیرکردنی تاریکی گێڕانەوەی ئەو مێژووە پڕ لەتوندوتیژی و دڕندەییەیە، کە میللەتی کورد ساڵەھایە بەدەست تۆرانیەکان و تورکە ناسۆنالیست و کەمالیستە کۆنەکانەوە چێشتویانە.

داگیرکردنی تاریکی ئەو تاریکیی کووردبوونەیە، کە زیاد لەسەدساڵە تۆرانییەکان شکست دێنن لەداگیرکردنیدا و بۆیان داگیر ناکرێت.

ڕۆمانی داگیر کردنی تاریکی دوو ڕۆمانە لەناو یەکدا، وەک دوو ڕۆمان وایە لەناو یەک ڕۆماندا بێت، بەڵام دانەبڕاو لەیەکتری، گوزارشتە لەدوو زەمەن و دووسەردەمی مێژوویی جمھوریەتی تورکیا و کوردستانی باکور، بەڵام پەیوەست و پەیوەندیدار بەیەکەوە، سەردەمێکیان درێژکراوی ئەویتریان. 

ئەو شێواز و تەکنیکەش لەنووسین، حەوێەڵەو نەفەس درێژیەکی سەروو ئێرادەی مرۆڤی ئاسایی دەوێت، بەتایبەتیش گەر ئەو مرۆڤە کوردبێت.

مەگەر ئەو  تاقەت وحەوێەڵەیە و ئەو باکگراوندە زۆرە لە زانیاریی لەسەر مێژووی سیاسی ئەو وڵاتە ھەر لە توانای بەختیار عەلیدا بێت. بەڕاستی جێی سەرسوڕمان و شانازییە کورد خاوەنی ڕۆماننووسێکی لەوشێوەیەیە کە ساڵانێکە بەبێ دابڕان ئەنووسێ وەک کارگەیەک نووسین لەدوای نووسین بەرھەم دەھێنێت یەک لەیەک جوانترو یەک لەیەک ناوازەتر و بە بەھاترن، ئەم شۆڕشی نووسینەی بەختیار عەلی دەستی داوەتێ ھاوشانی ھەموو شۆڕشەکانی کوردە، ئەو ھێزەی کە بەختیار بە قەڵەمەکەی ڕووبەڕووی داگیرکەرانی تورکی پێدەبێتەوە ھیچی کەمتر نییە لە بەرخودانی گەرێلا دلێرەکانی کوردستانی باکور.

 جێی خۆیەتی لەمەودوا گریلاکانی قەندیل "داگیرکردنی تاریکی" لەئاست خەبات و تێکۆشان و بەرخودانی چەند ساڵەی خۆیان و زیاتریش بنرخێن و زەجەی ئیعلامی گەورەی بۆبکەن.

  پاش ئەوەی لە خوێندنەوەی ڕۆمانی "داگیرکردنی تاریکی " بەختیار عەلی بوومەوە ، نەمتوانی ھەروا ڕاگوزەر بەجێی بێڵم حەزمکرد خوێندنەوەیەکی سادەی بۆبکەم تا ئەوانەی دەرفەتی خوێندنەوەیان نییە شتێکی سەرپێیی لە ڕۆمانەکە حاڵی ببن، ئەوانەشی ئارەزوو دەکەن ڕۆمانەکە بخوێنێتەوە  ھاندەرێک بێت بۆیان تا زووە بیخوێنێتەوە  ئەو مێژووە خێناوییە کە کوردان بە دەستی توورکانەوە ھەبووە شارەزاتربن.

ڕۆمانی داگیرکردنی تاریکی لە دووو توێی ٧٢١ لاپەڕە خۆی دەبینێتەوە لە چاپکراوەکانی ناوەندی ڕۆشبیری ڕەھەندە. ئەم ڕۆمانەش وەک ھەموو ڕۆمانەکانی تری بەختیار عەلی فەنتازیا ڕۆڵێکی بەرچاوی تێدا دەبینێت، فەنتازیا لەم ڕۆمانەدا  تووشبوون بەنەخۆشی بیرچوونەوەی زمانی تورکییە، کە خۆی لەخۆیدا مەبەستی سەرەکی ڕۆمانەکەی لەپشتەوەیە، جگە لەوەی ڕەگەزە سەرەکییەکانی ڕۆمان کە خۆی لە کات، شوێن، کارەکتەرو کەسایەتیەکان، گێڕانەوە و ڕووداودا دەبینێتەوە بەم شێوەیە تەوزیفمکردووە.

*کات لەداگیرکردنی تاریکی دا.

یەکێک لەڕەگەزە سەرەکییەکانی ڕۆمان" کات"ە. ڕۆماننووس ئەو تەکنیکەی لەکاتدا بەگەڕی خستووە مەگەر ھەر لە لێوەشاوەیی و سەلیقەی خۆیدابێت، کاتەکان ھارمۆنێتێکی سەیری ھەیە، دابەش بووە بۆ دوو زەمەن، ساڵانی دوای جەنگی جیھانی دووەم دوای نەمانی مستەفا ئەتاتورک و سەردەمی عیسمەت ئینۆنۆ لە ساڵی ١٩٤٥، کاتەکە لەو مێژووە دەڕوات بۆساڵانی پەنجاو شەستەکان، سەردەم سەردەمی سەرۆک کۆمار عیسمەت ئینۆنۆیە، کەدووەم سەرۆکی کۆمار بوو دوای مستەفا ئەتاتورک و تا نیوەی یەکەمی حەفتاکان. 

سەردەمەکەی تر لەساڵ ١٩٧٧ وە تا کودەتا سەربازییەکەی کەنعان ئەفرین ودواتر تا ساڵی ١٩٩٤ ڕووداوەکان درێژەیان ھەیە.

٭شوێن لەداگیرکردنی تاریکی دا.

شوێن لەڕۆمانەکەدا ناوجەرگەی تورکیایە ، بەشە زۆرەکەی بەتایبەتی کوردستانی باکور؛

(بانی ئەنادۆڵ باشوری خۆرھەڵاتی تورکیا) دەوروبەری دیار بەکر و دەرسیم مەرش و شێتخانەکەی ئالازیگ ڕووداوەکان لەنێوان ئەنقەرە و ئەستەنبوڵ و دواتر دەگاتە زاخۆ لە کوردستانی باشور.

دەڵێی ڕۆمانووس لە ھەموو ئەو شوێنانەدا ژیاوە و لەگەڵ کۆژانەکانی  تاک بەتاکی مرۆڤگەلی ئەو سەرزەمینە دەست و پەنجەی نەرمکردووە، ھەرشوێنەی بەسیمولێک بەخوێنەر ئاشناکردووە، وێنایەکی سەیر  بۆ ئەو شوێنانە لە زھنی خوێنەردا دروست ئەکات. کە باسی کارەساتی مەرەش و ئاژاوەی تورانیەکانی ئەستانبول و ڕاوەشکاری چیاکانی ئەنادۆڵ دەکات ئەڵێی خۆی لەوێ بووە.
 ٭کارەکتەرەکان لە داگیرکردنی تاریکی دا.

 پێکھاتبوو لە چەندین کارەکتەری سەرەکی و ناوەندی و لاوەکی،  ژمارەیەک لە کەسایەتیەکان ھەر لە زەمەنی یەکەمی ڕۆمانەکەوە ئاوا دەبن،  ھەندێ لەکارەکتەرەکان ھەر لە سەرەتای ڕۆمانەکەوە تاکۆتای تەواجودیان ھەیە. بۆئاشنابوونی زیاتر ئەمە ناوی زۆربەی زۆری پاڵەوان وکەسێتی ناو ڕۆمانەکەیەیە:

 تاریق ئاکانسۆ و دوو کوڕەکەی عەلی ئیحسان و ئارسین، نەجیب فەتحی و ئیمران کارتاڵ، جەوھەر سیزار ودلۆخانی کوڕی، گریگۆریس  و ئیفجانی ھاوسەری، مامۆستا مەھدی و عیسمەت ئۆکتای و زە کی ڕەزا باکلان و جەنەڕاڵ حەقی سونای، دکتۆر سینان و دیدەم شاھێن و زەینەب ھانم و سینەم، مەستەفا شەکیب ئالوچی و عەدنان نایف و چەندین جەنەڕاڵ کەسەر بەگورگە بۆرەکان بوون چەندین کەسایەتی تر کە لێرە جێیان نابێتەوە خوێنەر خۆی ھەرکات ڕۆمانەکەی خوێندەوە خۆی زیاتر پێیان ئاشنا دەبێت.

٭گێڕانەوە لە داگیرکردنی تاریکی دا.

گێڕەرەوە لەم ڕۆماندا سەرەتا وادەردەکەوێت، ڕاوی واتا ڕۆمانووس خۆیەتی زانای ھەمووشت زانە و دیاڵۆگەکان لەسەر زاری یەک بەیەکی کارەکتەرەکان دەگێڕێتەوە، بەڵام لە کۆتاییدا واھەست دەکەیت گێڕەرەوە یان ڕاوی ئارسین بێت کە پاڵاوانە سەرەکیەکەی ڕۆمانەکەیەکە و دەیەوێت چیرۆکی عیسمەت ئۆکتای بنووسێتەوە کە لەو ساتەوەی عیسمەت ھەستی کرد تورکی بیرچۆتەوە و چۆتە شێتخانەکە و تا ئەوکاتەی لە ئامەد ئارسینی ناسیوە، چونکە لە دوسێ پەڕەی کۆتاییدا ئارسین داوا لە عیسمەت دەکات ھەموو چیرۆکەکەی بۆبگێڕێتەوە.

دواجار ئارسین دەڵێت: «دوای ئەوەی دەچم بۆ سوریا و ھەوڵەدەم لەوێ بژیم.گەر نەمتوانی ھەوڵەدەم بچمە بەیروت..بەڵام ئەوە گرنگ نییە. ئەوە ھیج گرنگ نییە عیسمەت ئۆکتای. گرنگ ئەوەیە خەڵک چیرۆکی ژیانی من وتۆ ببیستن».
-عیسمەت ئەڵێ : بۆ من وتۆ؟...... من وتۆ جیاوازیمان چییە لەگەڵ ئەوانی تردا)

- ئارسین دەڵێت: «من وتۆ ھەردووکمان ئەو بەشە تاریکەین جمھوریەت ومەئمورەکانی نەیانتوانی داگیرمانبکەن..........، ھەردووکمان دووپارچەین لەتاریکییەکی گەورە کە داگیرناکرێت». لاپەڕە ٧١٩.
٭ڕووداو لە داگیرکردنی تاریکی دا.

ڕووداوەکانی بە گشتی باس لە مێژوویەکی خوێناوی ناو تورکیا دەکات، کە چۆن تورکە فاشیستەکان کار بۆ ئایدیای ناسۆنالیستی گۆڕبەگۆر کەمال ئەتاتورک دەکەن، کەخۆی لە ( یەک ئاڵا یەک نەتەوە یەک زمان) دەبینێتەوە. ئەویش زمانی تورکییە، کار بۆ سڕینەوەی شوناسی میللەتی کوردە لەسەر ئەوخاکە دەکرێت، لەناوبردنی لەزمانەکەیان کە ھەستە شۆڤێنێکەیان ڕێگرە لەوە بڵێن زمانی کوردی.

ئاکانسۆ بەزمانی قەلەباچکە ناوزدەی دەکات، بێ ئاگا لەوەی بەڕۆح و ناخ و ھەست و بیروباوەڕ کوردن ھەرچەندە زمانەکەشیان لێ بسێننەوە ناتوانن تاریکایەکەی ناخیان داگیربکەن. فکروبیرو بۆچوون و کلتورەکەیانە. ڕێکخراوی دووی نیوەشەو گەورەترین ئاڵانگارییە بۆیان، بەرجەستەکەری ئەو فاشستیەش کارەکتەری تاریق ئاکانسۆ بووە،  نمونەی تورکپەروەرو فاشستێکی دژە کوردە،  پێشتر پرۆفیسۆری زانکۆبووە لە ئەنقەرە، عاشقی فەلسەفەی ھێربەرت سنسەر و بووە. دواتر بۆچەسپاندنی پایەکانی زمانی تورکی ناردییان بۆدیاربەکر.

ھاوکات گورگە بۆرەکان و ژەنەڕاڵە پیرەکانیش نموونەی فاشیستەکانن لەو ڕۆمانەدا، تاریق ئاکانسۆ ئەیویست ھەردوو کوڕەکەشی بەو ئایدیایە پەروەردە بکات وەک دڕندەیەکی تورک پەروەردەیان بکات، ھاوکات لەو باوکانە نەبوو باوەڕی بە ئامۆژگاریکردنی زۆری منداڵەکانی ھەبێت پێی وابوو مرۆڤ ھەر ئەوەیە کە ھەیە، گەر خواربوو کوتەک ڕاستی دەکاتەوە نەک وشە. ھەر ئەوەش بووە ھۆی ئەوبیرەی لەسەردا بوو بۆی نەیەتەدی و منداڵەکانی پێچەوانەی خۆی بوون، ھەرچەندە بەڕواڵەت ئەوەی لە عەلی ئیحسانی کوڕی نەخشاند، بەڵام نەیتوانی بەشە تاریکەکەی ناخی داگیر بکات، کەسیەتی عەلی ئیحسانی کرد بە دووکەرتەوە بەڕواڵەت تورکبوو مەئمورێکی گوێڕایەڵی جموریەت و تەرجومانی میت بوو، لە تاریکی ناخیدا دۆستی کورد و مرۆڤایەتی. 

ئارسینی کوڕەگەورەشی ھەر لە مناڵییەوە ئەو توندوتیژییەی باوکی پێ قبوڵ نەدەکرا، لەدەستی ھەڵھات و یاخیبوو، لایەنێکی تر ڕووداوەکان دژایەتی کەمە نەتەوەکانی تربوو، گریگۆریۆسییش و ژنەکەی نمونەی ئەو  یونانییانە بوون، کەچەندین جار ئەشکەنجە درابوو لەلایەن تورانییەکانەوە.

جگە لەوەش دژایەتی کردنی کۆمۆنیست و چەپەکان سۆسیالستەکانیش تەوەرێکی تری ڕووداوەکانی ناو ئەم ڕۆمانەیە، ئارسین ئاکانسو ھەرچەندە باوکی تورکپەروەرێکی دەمارگیربوو، بەڵام بووە دژە تورکێکی عەیارە بیستو چوار و پەیوەندی بەچەپ و سۆسیالیستەکانەوە دەکات لەدواییدا قارەمانێکی لێدەردەچێت زۆربەی جەنەڕاڵە فاشیستەکان بەدەستی خۆی دەکوژێت و چیرۆکی خۆی بە ناونیشانی: "بۆ ھەقی سونای و ئەوانیترم کوشت؟ " دەنوسێتەوە. جەنەڕاڵ ھەقی سونای ئەندامێکی باڵای گورگە بۆرەکانە، یەکێکە لەھەرە دڕندەکانی تورک. ئیمران کارتاڵیش نمونەی تورکێکی میانڕەو بوو، ڕاوچی بوو بەڵام پەیوەندی لەگەڵ کوردەکان باشبوو. دواجار ئیمراڵ کارتاڵ وچیرۆکی پڵنگی تینوو ھۆکارگەڵێکن بۆ پەراوێزخستنی تاریق ئاکانسۆ لەلایەن جمھوریەتەوە.

 فۆکەسی سەرەکی ڕۆمانەکە لە سەر سڕینەوە و لەناوبردنی زمانی کوردییە، کە تاکە شوناسی ناسینەوەی نەتەوەی کوردە، ڕووداوەکەش ھەرلەوە وە دەستپێدەکات لە بەیانییەکدا عیسمەتە لەخەو ھەڵدەستێت تورکی بیرچۆتەوە، بەزمانێک قسەدەکات نازانێ چ زمانێکە .

مەھدیش پیرێکی لادێیی نموونەی کورد زمانێکی زیرەک و بەسەلیقەو لێزان، ھەرچییەکی بەزمانەکەی خۆی لەشیعر و چیرۆک و گۆرانی بیستبووی، لەسەری خۆیدا ھەڵی گرتبوو، بەسەدان شیعرو چیرۆک و سەرگوزشتەی لەبەربوو چونکە دڵنیابوو کوردەکان ھەرشتێک لە سەری خۆیاندا ھەڵی نەگرن و بینووسن و بیکەنە دەستنقوس تورکەکان ئەیسووتێنن، ئەم پیاوە گوندییە بووە مامۆستای زمانی مناڵەکانی ئاکانسو و زەکی ڕەزا باکلان کە مەئمورێکی باڵای میت بوو، زمانی کوردی فێرکردن.

جەوھەر سیزاریش نموونەی کوردێکی دڵسۆزو بەوەفابوو، بۆ دەسنووسە کوردییەکان ھەرچەند لەناوچوو. پەناگایەکی ئارامیش بوو بۆ یەکێک لەکوڕەکانی ئاکانسۆ. 

ئەمانەو چەندین ڕووداو بەسەرھاتی چڕووپڕ کە پانتایەکی گەرەیان لە ڕۆمانەکەدا ھەیە، وەک چیرۆکی عەشقی سینەم و ئارسین، چیرۆکی ورچەکە و مناڵانی ئاکانسۆ و شێتخانەکە و عیسمەت ئۆکتای ........ھتد.

٭وێنە ی ژن لە داگیرکردنی تاریکی دا.

دیدەم شاھێن لەوێنەی ژنێکی تورکی زیرەک و بلیمەتی فاشیدا زیاتر لێھاتوویەکەی لەشەڕانگێزی و دڕندەیدا خۆی دەبینییەوە، ئەو خەسڵەتە پڕ میھرەبانییە کە بەسروشت ژن ھەیەتی بەھۆی توورکبوون و ئەو ڕاسیزمی و نەتەوەپەرستییەوە لێی داماڵرابوو، لەوێنەی ژنێکی تووندو تیژ و خوێنڕێژدا دەردەکەوت.

زەینەب ھانمیش ژنە نووسەرێکی نەتەوە پەرستی تورک و ئەرستۆکرات و ڕواڵەت پەرست و لەخۆبایی، بەڵام ئامادەیی ژنی کورد لە لەم ڕۆمانەدا ئامادەییەکی بەرچاو نەبوو،  تەنھا سینەم کچی ئەسپفرۆشێکی بە ڕەچەڵەک کورد بوو، لەپێناو مانەوەی بنەماڵەکەیدا قوربانی بەعیشقەکەی لەگەڵ ئارسیندا دا، ھەرچەندە لەوبەشەی کوردستانی باکور زۆربەی گیان بەختکردن و قوربانییەکان ژن بوون بەئێستاشەوە، بەڵام لەم ڕۆمانەدا ڕۆڵیان پێنەدرابوو مەبەستم زیاتر ژنی کوردە لەگەڵ ئەوەی ھەڤاڵ ئاشینا وێنەی ژنێکی شۆڕشگێرو خۆبەختکردبوو ئەندامی گروپە چەپە سۆسیالستەکان بوو، بەڵام شوناسی دیار نەبوو  سەربەچ نەتەوەیەکە، ڕەنگە کوردیش بووبێت بەڵام لەیەک دوو مەشەھەد لە مەرەش دەرکەوت و ڕوبەڕوی گورگە بۆرەکان بووەوە و قوربانی بەخۆیدا، تا دوا سات بەرەنگاری گورگە بۆرەکان بووەوە.

بەگشتی ڕۆمانەکە ڕۆمانێکی زۆر زۆر سەرنجڕاکێش و پڕ بەھابوو، لەئاستێکی بەرزی ڕۆمانە گەورەکانی دونیادایە، خۆزگە وەردەگێڕدرا بۆ زمانە جیھانیەکانی دونیا بەگشتی و بۆ تورکی بەتایبەتی. بۆ ئەوەی ئۆردوغان  ھاوشێوەکانی تالەژیاندا ماون  بیخوێننەوە لەو کارەساتە گەورەیە بگەن کە لەماوەی سەدساڵەی مێژووی تورکیا بەسەر کوردییان ھێناوە شکستیانخواردووە، ھێشتا نەیان توانییوە تاریکاییە گەورەکەی مرۆڤی کورد داگیربکەن وھەرگیزیش ناتوانن وچرکە بەچرکە مۆتەکەی ئەو تاریکایە بە دوایانەوەیە.


ڕیکلام