شاشە ژەهراوییەکانی ڕەمەزان، کاتێک میدیا دەبێتە بازرگانی "پووچگەرایی"

  19/02/2026  |    643 جار خوێندراوەتەوە
ساڵانە لەگەڵ هاتنی مانگی ڕەمەزان، میدیای کوردی تووشی "ئیفلاسی ئەخلاقی" دەبێت. ئەوەی دەبینرێت، تەنیا پەخشکردنی چەند بەرنامەیەک نییە بۆ پڕکردنەوەی کات، بەڵکو پڕۆسەیەکی سیستماتیکییە بۆ "کوشتنی عەقڵ" و "هەراجکردنی شکۆی مرۆڤ". 
لەنێوان مۆدێلی خێرخوازیی ژێر کامێرا و بەرنامە بێزارکەرەکانی پارشێودا، کەرامەتی مرۆڤ و کاتی بینەر بوونەتە قوربانیی "لایک و سپۆنسەر".
١. سێرکی هەژاری: کرینی "بینەر" بە فرمێسکی منداڵ
هیچ شتێک لەوە قێزەونتر  نییە، کامێرا ببەیتە ناو ماڵە هەژارەکان و بە مۆسیقایەکی خەمناک، سواڵ بە شکۆیانەوە بکەیت. ئەوەی کەناڵەکان ناویان ناوە "خێرخوازی"، لە ڕاستیدا "سادیستییەکی میدیاییە". بریندارکردنی دەروونی منداڵێک لەپێناو کارتۆنێک زەیت و برنج، تاوانێکە هیچ یاسایەکی ئایینی و مرۆیی قبوڵی ناکات. خێرخوازییەک کامێرای لەگەڵ بێت، تەنیا بۆ "ئەکتیڤکردن"ی پەیجەکانە، نەک بۆ خودا و مرۆڤایەتی.
٢. فەوزای پارشێوان: کات کوشتن بە قسەی "پووچ"
بەرنامەکانی پارشێو، کە دەبوو وێستگەیەک بن بۆ ئارامی و قووڵبوونەوە، گۆڕدراون بۆ مەکۆی "هەڵچوونی بێ ناوەڕۆک". پێشکەشکارانێک کە نە فیکریان پێیە و نە ڕەوانبێژی، بە زمانێکی بازاڕی و نزم، عەقڵی گەنجان بەرەو پووچگەرایی دەبەن. ئەم هاوارەهاوار و پێکەنینە دەستکردانە، نەک هەر چیژبەخش نین، بەڵکو سوکایەتین بە ژیریی ئەو بینەرەی کە کاتی خۆی دەداتە شاشەکە.
٣. تیرۆری تەندروستی لەژێر ناوی "خواردن"
لەو سووچەشەوە، بەرنامەکانی خواردن خەریکی نیشاندانی توندوتیژین دژ بە جەستەی مرۆڤ. لەبری ئەوەی ڕەمەزان ببێتە وەرزی "پاکبوونەوەی بایۆلۆژی"، شاشەکان دەکرێنە نمایشی چەوری و شەکر و ڕیکلامی بەرهەمەکان، ئەمە نەک هەر لە فەلسەفەی ڕۆژووگرتن دوورە، بەڵکو تێکدانی سیستەمی تەندروستیی کۆمەڵگایە.
بەرنامەیەک کە "شایستەی بینین" بێت، دەبێت چۆن بێت؟
وەک ڕۆژنامەنووسێک، کاتی ئەوە هاتووە داوای مۆدێلێکی نوێ بکەین کە ڕێز لە بینەر بگرێت:
١- میکانیزمی "بونیادنانی بێدەنگ": هاوکاریی ڕاستەقینە ئەوەیە کەناڵەکە ببێتە "پرد" نەک "ئەکتەر". با دەرفەتی کار و پڕۆژەی بژێوی بۆ هەژاران دابین بکرێت بەبێ ئەوەی یەک چرکە وێنەی دەموچاویان بگیریت.
٢- ڕێناسی مەعریفی: پێویستمان بە بەرنامەیەک هەیە کە "عەقڵ" تێر بکات. باسی زانست، مێژوو، و کارامەییەکانی ژیان بکرێت. ڕەمەزان دەرفەتە بۆ "نوێبوونەوەی فیکری"، نەک بۆ گوێگرتن لە قسەی بازاڕی.
٣- پاککردنەوەی جەستە و ڕۆح: لەبری نمایشی خواردن، با پسپۆڕان فێرمان بکەن چۆن لەم مانگەدا جەستەمان لە ژەهرەکان و مێشکمان لە فشارەکان پاک بکەینەوە.
٤-ڕۆژنامەوانیی بەرپرس: پێویستە پێشکەشکارەکان کەسانی شارەزا و خاوەن ئەتەکێت بن، بزانن چۆن پەیامێکی مرۆیی دەگەیەنن بەبێ ئەوەی "ئیستغلال"ی سۆزی خەڵک بکەن.
کۆتایی:
پەیامی ڕاستەقینەی میدیا "ڕێزگرتنە لە کەرامەت"، نەک هەراجکردنی شکۆی مرۆڤ بۆ کۆمەڵێک سپۆنسەر و لایک و ڤیو و دواتریش پۆز لێدان بە ژمارەی فۆلۆوەرزەکان. کاتی ئەوە هاتووە بینەری کورد بڵێت: "بەسە بۆ ئەم هەموو پووچگەراییە!"
تێبینی:
ڕاستە من پزیشکم و ڕۆژانە مامەڵە لەگەڵ جەستەی مرۆڤ دەکەم، بەڵام ئەم نووسینەم وەک کەسێکە کە لە ڕاگەیاندندا کاری کردووە و هەمیشە وەک پیشەیەک خولیای بووە. ئەم ڕەخنانەم بەرهەمی گەڕان و سێرچێکی بەردەوامە لە کولتووری میدیایی و خەمخۆرییەکە بۆ پاراستنی شکۆی مرۆڤ و ئاستی ڕۆشنبیریی کۆمەڵگاکەم. رەخنەکەشم 
ئاراستەیە بۆ هەموو کەناڵەکانی راگەیاندن.
زۆرجار لێم دەپرسن بۆ ناگەڕێیتەوە میدیا؟
منیش هەمیشە گوتتومە و دەڵێم:
 تاوەکو کەناڵەکانی ئێمە میکانیزمی کارکردنییان لە کۆکردنەوەی لایک و ڤیۆ نەگۆڕن بۆ سوود و بنیادنان، هەرگیز ئامادەنیم لە هیچ یەکێک لەو کەناڵانە وەک پێشکەشکار دەربکەوم، چونکە من زانیارم پێیە و هۆشیاری بڵادەکەمەوە، نەک خۆدەرخستن و کۆکردنەوەی لایک و کۆمێنت و ڤیو بۆ ئەو کەناڵانە، کە دەزانم ئەمەش لەنێو بیرۆکە و کارنامەی میدیاکانمان نییە.
زیاتر