CPT: سوپای تورکیا، سێ کۆمەڵگەی سەربازی نوێی گەورەی لە سنوری قەزای ئامێدی دروستکردووە

  4   کاتژمێر پێش ئێستا  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەپێی ڕاپۆرتی نوێی تیمی کوردستانی عێراقی CPT؛ سوپای تورکیا پڕۆژەی ڕێگاوبانی سەربازی بۆ بەیەکەوە بەستنەوەی بنکە و بارەگاکان و دروستکردنی (ناوچەی دابڕی ئەمنی) لە (زاپ، ئاڤاشین، مەتینا و بەرواری باڵا) تەواو کردووە و دەروازەی ناوچە دابڕەکەش گەلی ڕەشاڤایە.

راپۆرتی تیمی کوردستانی عێراقی CPT

شکستی پڕۆسەی ئاشتی: بۆردوومان و جموجۆڵی سەربازی نوێی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، پڕۆسەی ئاشتی نێوان تورکیا و پەکەکە بنکۆڵ دەکات.
«ڕاپۆرتێکی نوێی تیمی کوردستانی عێراقی CPT سەبارەت بە جموجۆڵە سەربازییە نوێکانی تورکیا و پڕۆسەی ئاشتی»
• لە ڕۆژی ٦ی شوباتدا، بەمەبەستی دروستکردنی ڕێگا و دەروازەی سەربازی، سوپای تورکیا بەشێک لە گرد و چیاکانی نزیک لە (گەلی ڕەشاڤا)ی لە سنوری ناحیەی دێرەلووک، لە قەزای ئامێدی تەقاندەوە و بەشێکی زۆری دارستانەکانی دەووروبەری گەلیەکەشی بڕیەوە.
• سوپای تورکیا پڕۆژەی ڕێگاوبانی سەربازی بۆ بەیەکەوە بەستنەوەی بنکە و بارەگاکان و دروستکردنی (ناوچەی دابڕی ئەمنی) لە (زاپ، ئاڤاشین، مەتینا و بەرواری باڵا) تەواو کردووە و دەروازەی ناوچە دابڕەکەش گەلی ڕەشاڤایە.
• سوپای تورکیا، سێ کۆمەڵگەی سەربازی نوێی گەورەی لە سنوری قەزای ئامێدی دروستکردووە و ئەو کۆمەڵگە سەربازییانە لە (نەخۆشخانە، بنکەی مەشق و ڕاهێنان و تۆپخانە) پێکهاتوون.
• لە ڕۆژی ٧ی شوباتدا، دوو هەلیکۆپتەری سەربازی تورکیا، بەسەر چیای مەتینادا سوڕانەوە و وەکو بەشێک لە مەشقی سەربازی، بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمەڵگە سەربازییە تازە دروستکراوەکاندا پریشکەی تەقەمەنییان بەسەر چیاکەدا خستە خوارەوە.
• لە ڕۆژی ١٣ی شوباتدا، تۆپخانەکانی تورکیا سێ جار تۆپبارانی کوێستانەکانی (خنێرە)یان لە سنوری قەزای سیدەکان لە پارێزگای هەولێر کرد.
• تەقاندنەوەی گرد و شاخەکانی گەلی ڕەشاڤا، بوونەتە هۆی داڕمانی دوو شوێنەواری مێژوویی دیاری ناوچەکە، کە یەکێکیان پردی (دووشاو)ە و مێژووی دروستکردنی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی حکومڕانی دەوڵەتی عەباسی.
• لە (١،١٩٢) گوند کە کاریگەری بۆردوومان و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای تورکیایان لەسەر بووە، تەنیا گوندنشینانی (٥) گوند دەرئەنجامی ئەرێنی پڕۆسەی ئاشتیان بەدی کردووە و توانیویانە بگەڕێنەوە بۆ گوندەکانی خۆیان، کە ئەمەش تەنیا ڕێژەی (٠،٤٪)ی ئەو گوندانە پێکدەهێنێت کە کاریگەری بۆردوومانەکانییان لەسەر بووە.
• لە ساڵی ٢٠٢٥دا، سوپای تورکیا (١،٧١٨) هێرش و بۆردوومانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە، کە لەم ژمارەیە (١،٤٢٦) هێرشیان لەدوای ڕاگەیاندنی پڕۆسەی ئاشتی بوون و (٩) هاووڵاتی مەدەنیش بوونەتە قوربانی ئەو هێرش و بۆردوومانانە.
•تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی CPT، نیگەرانی خۆی لە فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای تورکیا، دروستکردنی بارەگای سەربازی نوێ، بەهێزترکردنی بارەگا سەربازییە کۆنەکان ، بنیاتنانی ڕێگەی سەربازی، تەقاندنەوەی چیاکان و بڕینەوەی دارستانەکان دەردەبڕێت. لەهەمانکاتدا، داوای هەنگاوی ڕژدتر لە تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان دەکات بۆ بەرەوپێشبردنی پڕۆسەی ئاشتی و کشانەوە لە ناوچە مەدەنی نشینەکان.


ڕیکلام