هەقە ئێران زەمینەیەک بڕەخسێنی، کورد لەباتی واشنتن، لەتاران و مهاباد کۆببنەوە.

  11/03/2026  |    508 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی ئەو پەرەسەندنانەی دەیبینین لەئاسمان و زەوی ناوچەکە دەیبینین، پێناچێت ئەم شەڕە درێژە بکێشێت. هەروەک رۆژنامەکانی ئەمریکا بەدووری نازانن لەمڕۆژانە بەیانیەک لەخەو هەستاین دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری راگرتنی شەڕی دابێت و شەڕەکە وەستابێت بێئەوەی بزانین بۆ؟!  

جگە لە ئیسرائیل، هەموو وڵاتانی ئەوروپاو ناوچەکە، بەدەنگێکی کزو شەرمنانە پشتیوانی خۆیان بۆ ئەمریکا دەردەبڕن، لێدوانەکانیان زیاتر بۆ رازیکردنی ئەمریکایە نەک دژایەتیکردنی ئێران، ئەمەش لە وزەو بڕستی ئەمریکای سەبارەت بەدژایەتی ئێران کەمکردۆتەوە.

نەناردنی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان زیانی گەورەی بەوڵاتانی هەناردەکاری نەوت گەیاندووە، بەتایبەت وڵاتانی عەرەبی لەکەنداو، ئەوان دەیانەوێ شەڕەکە رابگیرێت، تائێستا نەبوونەتە بەشێک لەشەڕکردنەکە. هاوکات بەرزبوونەوەی نەوت لەبازاڕەکانی جیهان کاریگەری زۆر خراپی لەسەر ژیان لەئەوروپاو ئەمریکا جیهێشتووە.

ئەوروپییەکان بەهۆی شەڕی ئۆکرانیاوە رووبەرووی دۆخێکی ئێجگار خراپی ئابوریی بوونەتەوە بەتایبەت بەهۆی کەمبوونەوەی گازی سروشتیی، ئێستاش کە نرخی نەوت لەبازاڕەکانی جیهان گران دەبێت، باری ئەوروپا زۆر گرانتر بووە، بۆیە لێدوانەکانی ئەمڕۆو دوێنێی ئەوروپییەکان ناڕاستەوخۆ ناڕازیبوون بوو لەشەڕ نەک پشتیوانیکردنی ئەمریکا. 

ئەمریکاو ئیسرائیل پێشبینیان دەکرد بەچەند رۆژێک شەڕەکە کۆتایی پێبێنن، بەتایبەت دوای کوشتنی خامنەیی، بەڵام وادیارە ئەو پێشبینیەیان وەکخۆی دەرنەچوو، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئێران لەم جەنگەدا زیانێکی ئێجگار گەورەی بەردەکەوێت لەدوو رووەوە.

یەکەمیان؛ لەرووی سیاسیەوە تەواو لاواز دەبێت و رۆڵ و پێگەی جارانی لەناوچەکە نامێنێت و ئەو گروپە درێژکراوانەی هەیبوو لە لوبنان و عیراق و سوریاو یەمەن و ناوچەکە یان لەناو دەچن، یان زۆر لاواز دەبن. دیاریش نییە لەکۆتایی ئەم جەنگە چەندە سازش دەکات بۆ راگرتنی شەڕەکە، بەڵام پێناچێت رژێمی حوکمڕانی ئێران نەمێنێت، بەڵکو رەنگە گروپ و دەستەیەکی نوێ بێنە پێشەوە.

دووم؛ بەهۆی ئەم جەنگەوە ئێران لەرووی ئابورییەوە زیانێکی ئێجگار گەورەی بەردەکەوێت کە رەنگە چەندین ساڵی پێویست بێت تاوەکو وەکوخۆی لێدەکاتەوە! بەتایبەت رەنگە گەڕی دووەمی پەلاماردانەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل دوای دامەزراوە سەربازییەکان، بۆسەر دامەزراوە ئابورییەکان و سەرچاوەکانی وزەو دامەزراوە بازرگانیەکان بێت.

بەپێی دیمەنەکانی شەڕو لێکەوتەکانی بێت، پێناچێت ئامادەکارییەکانی ئەمریکا زۆرباش بووبێت. نەپرۆژەی رووخاندنی رژێمی هەیەو نەھیچ پرۆژەیەکی بۆ کورد هەیە، بەڵام ئەگەر بڕباربێت بڵێین ئەمریکا وەک پێویست تەدارەکی شەڕی نەکردبوو، ئەوا دەتوانین بڵێین ئێرانیش ئامادەی ئەم جەنگە نییەو نەبوو. 

ئێران ھەم لەرووی ئابورییەوە لەدۆخێکی ئێجگار خراپدایەو پێشبینی دەکرێت زۆر خراپتریش ببێت، ھاوکات بەشێک لە پێکھاتە سەرەکییەکانی ئەو وڵاتە لەسەرووی ھەموویانەوە کورد کە لەدەرەوەی دەسەڵات و بەشداریی سیاسیدان و بەمافی نەتەوەیی و دیموکراتی خۆیان نەگەیشتوون، کەوتوونەتە جموجۆڵ و خۆ ئامادەکردن بۆ گۆڕانکاریی لەو وڵاتە.

ئەمەش کەموکوڕییەکی گەورەی رژێمی ئێرانە، لەکاتێکدا ئەگەر مافی گەلی کوردو پێکھاتەکانی دیکە لەلایەن رژێمی حوکمڕانی ئێران دابینبکرێت و بەشداربن لەحوکمڕانی خۆیان و ئێران، بەدڵنیاییەوە لەباتی خاڵی لاوازی ئێران بێت، بەپێچەوانەوە کورد دەبێتە پشتیوان و ھێز بۆ ئەو وڵاتە، بەڵام ئەگەر دەرگایان لێ داخرابێت و پەراوێزخراوبن، ئەگەر دەرفەتێک ھاتەپێشەوە چیبکەن؟! ترساندن و نکۆڵیکردن ھیچ لەراستی مافی گەلی کورد کەمناکاتەوە، تا یەک تاکە کورد مابێت، پرسی کورد ھەر دەمێنێت و دەستبەرداری مافەکانی نابێت.

ئەم شەڕە، سەرباری کۆشتوبڕو ماڵوێرانیی کە بەدڵنیاییەوە جێی نیگەرانییە، بەڵام دەرفەتێکە بۆ رژێمی ئێران دوای وەستانی شەڕ، بیرێک لەگفتوگۆ لەگەڵ کورد بکاتەوە.

لایەنە سیاسیەکانی کورد لەباتی لەواشنتۆن کۆببنەوە، لەتاران و مەھاباد کۆببنەوەو پرۆژەی چارەسەری پرسی کورد لەگەڵ حوکمڕان و کاربەدەستانی ئێران گفتوگۆبکەن. ئەگەر رژێمی ئێرانیی مافی گەلی کورد بدات، بەدڵنیاییەوە لایەنە سیاسیەکانی کورد لەواشنتۆن کۆنابنەوەو بەشێک نابن لەھیچ پرۆژەیەکی دەرەکیی.

پێویستە بەرپرسانی ئێران ئەو راستیە بزانن کە ئەگەر شەڕیش راوەستێت، ئەمریکاو وڵاتانی رۆژئاوا دەستبەرداری پرۆژەی گۆڕینی رژێمی ئێرانی نابن، بۆ ھەر گۆڕانکارییەکیش لەئێران، پرسی کورد وەک پێکھاتەیەکی پەراوێزخراو و بێ ماف، دۆسیەیەکی کراوەیە،  ئەگەر لەلایەن تارانەوە دەرگای گفتوگۆی لێ داخرابێت، بەدڵنیاییەوە وەک مۆتەکە ھەر بەدوایەوە دەبێت و ھەموو ئەگەرێکی گۆڕانکاریی بۆ ئەو دەرفەتێکە بۆ گەیشتن بەمافەکانی، بەپرسیارێتی بەشداریکردنیشی دەکەوێتە ئەستۆی رژێمی ئێران نەک خواستێک بێت لەلای کورد.

زیاتر