دوعایەک لە شەوی لەیلەتولقەدر

ئاری هەرسین

پەرلەمانتاری پێشووی پارتی دیموکرات
  16/03/2026  |    460 جار خوێندراوەتەوە

خوای گەورە ئاینی بۆ ڕێکخستنی ئەخلاقی کۆمەڵایەتی و خۆشبەختی ئینسان ناردۆتە سەر زەوی. هەمو ئەو کەسانەی کە بە ناوی خواوە حیزبی سیاسی دروست ئەکەن، خۆیان ئەکەنە دەمڕاستی خوا و، ئینسان و میللەت و نیشتیمان بەرەو گومڕاهی ئەبەن شەریکی شەیتانن.

خواپەرستی هەڵبژاردەیەکی خۆبەخشانەی ئینسانە. هۆکاری پەرستش خۆشەویستیەکی تایبەتی و شەخسی و ئیتاعەتکردنی خوایە، لەپای ئەم هەمو نیعمەتەی کە خوا بە ئینسانی بەخشیوە. ئیتر هەر لە ئۆکسجین و ڕوناکی و ئاوی سازگارەوە بگرە هەتا مردنێکی کۆتایی کە سنوری کۆتایی هاتنی هەمو تەماع و چاوچنۆکی و لوت بەرزیەکی ئینسانانەیە.

ناردنی یەکەم ئایەتی قورئان لە شەوی لەیلەتولقەدر دیاریەکی زۆر بە قەدری پەروەردگارە بۆ بەندەکەی خۆی. بۆیە لەجێی خۆیەتی لە م شەوە موبارەکەدا ئەم قسە سیاسیانە بکەین:

خوا ئەو کەسانە ڕوڕە ش بکات کە پاش شەڕی ١٢ ڕۆژە بوختانیان بۆ هەرێمی کوردستان کرد و بە ئاشکرا درۆیەکی گەورەیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران کرد و پێیان وتن هێرشەکانی ئیسرائیل لە هەرێمی کوردستانەوە کراو. 

خوا ئەو کەسانە ڕوڕەش بکات کە دوعای شیفاعەت بۆ هێرشەکانی ئێستای سەر هەرێمی کوردستان ئەکەن و وە ک جرجێکی ناو زێراب خزمەتکاری زاڵم و میللەتی سەردەستن.
 
خوا ئەو کەسانە ڕوڕەش بکات کە لە سایەی پلەو پایەی سیاسی دەستی گڵاویان ئەچێتە حەقی میللەت و، چاوچنۆکیان بۆ ماڵی دنیا ویژدانی لێ سەندونەتەوە. 
 
خوای گەورە ساڵحمان بکات و یەک دەنگ و یەک ڕیز بین و، دڵمان لە ڕق و کینە بەرامبەر یەکتری پاک بکاتەوە.  
 
جوانترین دیاری خوای گەورە بۆ ئینسان نیشتیمانە. نیشتیمان ئەمانەتێکە لای جیلەکانی میللەتێک و موڵکی هیچ تاکە کەسێک نیە، بەڵکو میراتێکی جەماعیە. هەرکەسێک نیشتیمانی خۆی بفرۆشێت، یان ببێتە خزمەتکاری میللەتی سەردە ست ئەوا وەک ئەوە وایە خیانەتی لەخوای خۆی کردبێت. ئەو کەسانەی کە بە تەمسیل خوا پەرستی ئەکەن بەری درۆیان کورتە. چونکە هەزار ساڵ ڕیش بهێڵنەوە، نوێژ بکەن، ڕۆژو بگرن و بازرگانی بە قورئان و حەدیسەوە بکەن، بە ناوی خواوە حیزبی سیاسی دروست بکەن، ئەگەر (ئەحداسیات)ی بنکەی پێشمەرگەیان دایە دوژمن، ئەوا لە ئیبلیس ڕوڕە شترن لە لای خوا. 

حیزبی سیاسی وەسیلە بۆ خزمەتی گەل و سەروەری خاکی پیرۆزی کوردستان. ئینسان ئەبێت لە پێگەی خۆی لەسەر زەوی تێ بگات. گەورەکە خوایە، ئەوانیترمان هەمو بچوکین. ئەگەر حیزبی سیاسیت هەبو  بە ناوی خۆتەوە قسە بکە نەک بەناوی خوا. دواهەمین نوێنەری خوا لەسەر زەوی محەمەدە (درودی خوای لەسەر بێت).
 ڕێچکەی ساڵح بون لە زۆر جێدا لە قورئاندا هاتوە:

يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا كُونُوا قَوَّامِينَ بِالْقِسْطِ شُهَدَاءَ لِلَّهِ وَلَوْ عَلَىٰ أَنفُسِكُمْ أَوِ الْوَالِدَيْنِ وَالْأَقْرَبِينَ ۚ إِن يَكُنْ غَنِيًّا أَوْ فَقِيرًا فَاللَّهُ أَوْلَىٰ بِهِمَا ۖ فَلَا تَتَّبِعُوا الْهَوَىٰ أَن تَعْدِلُوا ۚ وَإِن تَلْوُوا أَوْ تُعْرِضُوا فَإِنَّ اللَّهَ كَانَ بِمَا تَعْمَلُونَ خَبِيرًا (سورەی نیسا-١٣٥). پشتیوانی چاکسازی بە، دژی گەندەڵکاران بە، بەڵام نابێت لەژێر چارشێوی چاکسازی و دژایەتی گەندەڵیدانیشتیمانمان هەرزانفرۆش بکەین. 

 خوای گەورە ئەم گەلە بێ دەوڵەتەو خاکی پیرۆزی کوردستان بپارێزێت… ئامین.
زیاتر