عەلی زەیدی: گەندەڵکاران هیچ بژاردەیەکیان نییە جگە لە گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان بۆ خەزێنەی دەوڵەت

  13   کاتژمێر پێش ئێستا  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆیندا کۆمەڵێک بابەتی گرنگی وروژاند و رایگەیاند: عێراق هەوڵی لێکنزیکبوونەوە لە نێوان ئەمریکا و ئێران دەدات و وڵاتەکەمان نابێتە گۆڕەپانی دوژمنایەتی بەڵکو خاڵی بەیەکگەیشتن دەبێت، ناچێتە هیچ بەرەیەکیشەوە.

وتیشی: عێراق لە ئۆپێک ناکشێتەوە، ئامانجی حکومەت ئەوەیە پشکێکی دادپەروەرانە لە بەرهەمهێنانی نەوت لەناو رێکخراوەکەدا دەستەبەر بکات، بە نیازین سەردانی سوریا بکەین، پلانیشمان هەیە بۆ سەردانیکردنی ریاز، بۆ لێکتێگەیشتنی زیاتر و پتەوکردنی پەیوەندییەکان، جگە لە ئەنجامدانی گەشتێکی عەرەبی دوای سەردانەکەمان بۆ واشنتۆن.

ئاماژەی بەوەشدا: گرنگە عێراق بەشێک بێت لە جیھانی عەرەبی و هەوڵی دروستکردنی هاوبەشی ئابوری لەگەڵ سعودیە و بەهێزکردنی هاوکاری هاوبەش دەدەین وناردنی دۆلار پابەندە بەو پێوەرانەی کە لە لایەن بانکی ناوەندییەوە پەسەند کراون.

باسی لەوەشکرد: پێداویستییە دراوییەکانی عێراق لە سەرەتای هەموو ساڵێکدا بە پشتبەستن بە لێکۆڵینەوەیەکی ورد و رێکخستنی وردی بانکی و ئەمنی دیاری دەکرێت و هیچ پەیوەندییەکی ناوخۆیی و دەرەکی نییە بە ئامانجی ئازادکردنی دەستگیرکراوان یان وەستاندنی هەڵمەتی دژە گەندەڵی.

سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەسەر ئەوە کردەوە: دەسەڵاتی دادوەری فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ئەو کەسانە دەرکردووە کە تێوەگلاون لە گەندەڵی بەپێی رێوشوێنە یاساییەکان، دانپێدانانەکانی عەدنان جومەیلی، یاریدەدەری وەزیری نەوت، بووە هۆی دۆزینەوەی چەند کەسێکی تێوەگلاو، ئەوانەی تۆمەتبارن بە گەندەڵی هیچ بژاردەیەکیان نییە جگە لە گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان بۆ خەزێنەی دەوڵەت و ئەو تانکانەی لە ئۆپەراسیۆنی بەرەبەیاندا بەکارهێنران مەبەست لێی داخستنی ناوچەی سەوز بوو.

ئەوەشی راگەیاند: هەندێک لە گرووپە چەکدارەکان پێیان وایە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق ناکشێنەوە و بەرنامەیەک بۆ رادەستکردنی چەکی گرووپەکان ئامادەکراوەو چالاکیی گرووپەکان دەگۆڕێت بۆ کایەی سیاسی و کۆمەڵایەتی، دوای وادەی دیاریکراو چەکەکانیان لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدا دەبێت.

لە کۆتایدا عەلی زەیدا ئاماژەی بەوەدا: ئامادەکاری بۆ کۆنفرانسێکی گەورە بەناونیشانی کۆنفرانسی سەروەری نیشتمانی بەردەوامە، کە هاوکاتە لەگەڵ کۆتایی هاتنی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق. 


ڕیکلام