حکومڕانی دەگۆڕێت بۆ دروستکردنی دۆزەخ بۆ خەڵکەکەی و بەدوایدا تەواوی سێکتەرەکانی تر دەبنە کاریتەی بەهێزکردن و تۆکمەکردنی ناشیرینیەکانی.
مەرگ و شەهیدبوونی غەزەل، یەکێکی دیکەیە لەو ڕەھەندە ترسناکانەی، کە بەرۆکی وڵاتی ئێمەی گرتووە و بووتە ئامڕازی بەرهەمهێنانی خەجاڵەتیی گشتی.
لەم نێوەندەشدا دامودەزگاکانی تەندروستی، بەشێکی بنەڕەتی و مەزنی ئەم داڕمانە مۆڕاڵییەن، کە بەرۆکی ئەم کۆمەڵگایەی گرتووە.
هەریەک لە ئێمە چەندین چیرۆکی سەیروسەمەرەمان لەگەڵ سکێتەری تەندروستیی هەرێمدا هەیە، کە زۆربەیان شۆکهێنەرن و تووشی سەرسامیی قووڵت دەکەن.
بۆ نموونە لە ڕۆژانی ڕابردوودا، بۆ وەرگرتنی ھەندێک دەرمان، چوومە چەند دەرمانخانەیەک، کاتێک سڵاوم لە کارماندەکانی کرد، ھەر ئامادەنەبوون وەڵامبدەنەوە، جگە لەوەی بگاتە ئاستێک کارەکەت بۆ جێبەجێبکەن.
ئەمە سەڕەڕای مامەڵەی نامرۆڤانەی زۆرینەیان لە نەخۆشخانەکان و دروستکردنی وەھمی تەندروستی و فشاری دەروونی و شەڕ و گرانیی تێچوون و غروری ناپێویست، کە تەواو پێچەوانەی سوێندخواردنی پزیشکی و پیشەکەیە.
کەمجار ھەبووە چووبمە نەخۆشخانەیەک و دواتر سکاڵام لە لای بەرپرسانی تەندروستی نەکردبێت، چونکە تۆ بۆ چارەسەری جەستەت دەچیت، بەڵام ئەوان ڕۆحت برینداردەکەن.
بۆیە سیاسەت و خراپیی پیشەکە و ترسی دوژمن و ویستی خۆڕادەستکردن، غەزەل خاتونیان بە مەرگ گەیاند. لەمڕووەوە دەبێت دان بەوەدا بێنین، کە ھیچ شتێک لەم کۆمەڵگایەدا وەک خۆی و بە تەندروستی بەڕێوەناچێت و ماڵوێرانی و نەھامەتی، بە بەردەوامی میوانی ھەمووانە.
لەڕاستیدا ھەر جێگە و سێکتەر و دامەزراوەیەک خراپ بێت، ئۆباڵەکەی سیاسەتی خراپ و بازرگانی سیاسیی خراپە.
مەرگی غەزەل و شەھیدبوونەکەی، جارێکی دیکە پەردەی لە سەر وێرانەیی سیاسەت و تەندروستی لە وڵاتی ئێمەدا ھەڵماڵی و پێیوتین: بەبێ ڕەچەتەی سیاسەت، ھەرگیز چارەسەر و دەرمان نییە.
بۆیە مردن لەم جۆرە وڵاتانەدا، باشترین خەڵاتی خودایە. دواجار پێویستە ھەموان بۆ گیانی غەزەل خاتوون، غەزەلخوانی بکەین.
ئەحمەد میرە