رۆژئاوای کوردستان، لەبەردەم هەورازی سەخت

  23/04/2026  |    474 جار خوێندراوەتەوە

بەشێوەیەکی کردارەکی رێڤەبەری خۆسەر لەرۆژئاوای کوردستان نەماوە یاخود نابێت بمێنێت، قۆناغێکی نوێی ئیداریی و سیاسی لەرۆژئاوای کوردستان دەستی پێکردووە. بەڕێوبەرانی رۆژئاوا بیر لەچوارچێوەیەکی نوێ دەکەنەوە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی بەهۆی نەمانی رێڤەبەریی و چوارچێوە سیاسیەی پێشوو دروستبووە. 

راستە ئیدارەی ناوچەکەو پارێزگاری حەسەکە لەلای کوردە، بەڵام ھیچ چوارچێوەیەکی سیاسی کۆکەرەوە نییە بۆ بەڕێوەبردنی دۆخی سیاسی و کۆکردنەوەی حزبە سیاسیەکان. ھاوکات بەپێی رێککەوتنی نێوان دیمەشق و کورد، ھێزەکانی سوریای دیموکرات-یش وەک ناوەندی بڕیار تێکەڵ بەسوپای سوریا دەکرێنەوە، کەوایە پێویستە بەپێی ئەو قۆناغە نوێیە دۆخی سیاسی رێکبخرێتەوە، بەجۆرێک بتوانرێت ھەموو لایەنە سیاسیەکان بەشداربن لەبڕیاردان و نەخشەکێشانی داھاتوو.

ھێشتا دیار نییە ئەو چوارچێوە نوێیەی بیری لێدەکرێتەوە چۆنە. بەرپرسانی پەیەدە یاخود بڕیاردەرانی ھێزەکانی سوریای دیموکرات بیر لەگۆڕینی ناوی پەیەدە یاخود حزبێکی نوێ یاخود ھاوپەیمانێتیەکی نوێ دەکەنەوە، بەڵام پێویستە لەپاڵ ئەو گۆڕانکارییە کە من پێموایە کارێکی باش دەکەن ئەگەر بۆ بەکاروانڕاگەیشتن بێت، بیر لەلێڤەگەرو مەرجەعیەتێک بکرێتەوە کە سەروکاری باری سیاسی رۆژئاوای بکات و ببیچتە چەتری کۆکردنەوەی لایەنەکان. 

بۆ ئەم قۆناغە لانیکەم دەتوانرێت دامەزراوەیەکی نوێ دوور لە پشکپشکێنەی سیاسی دروستبکرێت، شەرعیەتی سیاسی و شۆڕشگێڕیی پێ ببەخشرێت، ھەموو حزب و لایەنە سیاسیەکان بەپێی میکانزمێکی دیموکراتیانە پێکەوە بتوانن بڕیار بدەن.

سەبارەت بەدوایین پەرەسەندنەکانی پرسی کورد لە سوریا، تائێستا رێککەوتنی ٢٩ی کانونی دووەمی ئەمساڵ جێبەجێنەکراوەو ئاسان نییە. گەورەترین گرفتی کورد لە رۆژئاوا گەڕانە بەدوای گرەنتیکردنی مافەکانی لەسوریای نوێ، ئەم گرەنتیکردنەش بەبێ ھەموارکردنەوەی دەستوری کاتیی ئەستەمە چونکە ئەو دەستورە کاتیەی لەدوای رووخانی رژێمی ئەسەد لەلایەن شەرعەوە راگەیەنراوە شتێکی ئەوتۆی بۆکورد تێدا نییە. بۆیە بەبێ رێککەوتن لەسەر ھەمواری دەستور ھەر ھەنگاوێکی بۆ کورد زیانی زۆری ھەیە بەتایبەتیش ئەوەی پەویوەندی بەھێزی چەکدارەوە ھەیە.

بەپێی ھەموو ئەو ئاماژانەی ھەن، زۆر زەحمەتە رژێمی نوێی دیمەشق بێتەژێر باری ھەموارکردنەوەی دەستور، لەلایەک تێگەیشتنی ئەو رژێمە نوێیەو لەلایەکی دیکەش دەستوەردانی تورکیا گەورەترین رێگرن لەھەر دەستکارییەک بەجۆرێک گرەنتی مافەکانی کورد بکات.

ئەوەی دەبینرێت ئەحمەد شەرع خۆی دەدزێتەوەو دەیەوێت مافی گەلی کورد لەپێدانی چەند پۆستێکی ئیداریی لەدیمەشق کورتبکاتەوە، ئەمەش ھیچ لەواقع و ژیانی گەلی کورد لەسوریا ناگۆڕێت بۆنمونە پێدانی چەند پۆستێکی ئیداریی، بەڵام ئەو بەشداریکردنەش دەکەوێتە ژێر فشارو رەحمەتی رەزامەندی تورکیا. 

خولاسە؛ جگە لەھەمواری دەستوری کاتیی، ھیچ رێککەوتنێکی دیکە ئەنجامی نابێت. ھەمووارکردنەوەی دەستوریش بەبێ فشاری ئەمریکا کارێکی گران دەبێت، بەڵام لەھەمووی گرنگتر رێکخستنەوەی ناوماڵی کوردو یەک گوتاریە بەرامبەر دیمەشق کە گرەنتیە بۆ مانەوەو رووبەرووبونەوەی مەترسیەکانی دیمەشق.

زیاتر