پۆست بارزانی
25/08/2026
|
1165 جار خوێندراوەتەوە
لە کاتێکدا کە رەنگبێ بەشی زۆری خەڵک لە کوردستان پێیان وابێ کە جوڵەیەکی سیاسیی بارزانیی باوک کافییە بۆ دەرچوون لەو قەیرانانەی بەرۆکی هەرێمیان گرتووە، بەڵام راستییەکی تاڵ هەیە کە پێناچێ (ئەو) لەو قۆناغەدا، هەمان کاریزمای دە پانزدە ساڵ پێش ئێستا بێت.
*
دەمێکە قۆناغی پۆست بارزانی دەستیپێکردووە، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە مەسەلەی میراتگری(وەک سەردەمی مستەفا بارزانی)بۆ دوو کوڕەکانی یەکلا نەبۆتەوە، بارزانیی باوک هێشتا ناڵێ کە کاری ئەو تەواو بووە!
*
ململانێی ناو باڵەکانی پارتی بە راددەیەک دراماتیکی بووە کە باڵەکان لە رێگەی میدیاکانەوە هەلهەلە بۆ شکستی یەکتری لێدەدەن و، پەنا بۆ هەموو ناشیرنکردنێکی یەکتری دەبەن.
*
ئەگەرچی بارزانیی باوک هەوڵی دا لە دوایین کۆنگرەی پارتیدا، سیغەیەکی حوکمی دوانەیی بۆ ئامۆزاکان جێگر بکات، بەڵام بە کردەوە دەستەواژەی جێگری دووەم نەک هەر جێگیر نەکرا، بگرە دارودەستەی جێگری یەکەم لە ناو حزبدا قەڵاچۆ کران و دەستەواژەی جێگری دووەمیش نەما.
*
لەم پرۆسەیەدا، بارزانیی باوک هیچ تەدەخولێکی نەکرد، تەنها لەو شوێنانەی کە خەریک بوو وەزعەکە بتەقێتەوە(وەک ئەوەی ئومێد خۆشناو و خورشید هەرکی)ستۆپێکی کاتیی بە باڵی کوڕەکەی دەکرد.
*
لە دە بۆ پانزدە ساڵی رابردوودا، بارزانیی باوک ئەوەندەی سەرقاڵی دروستکردنی دیزاینێک بووە بۆ دوای خۆی کە تێیدا، باڵەکان بەو شێوەی ئێستا بەردەوام بن، هێندە خەریکی دەوڵەتداری نەبووە و ئەوەش وزە و توانایەکی زۆری ئەوی بە فیڕۆ داوە.
*
بۆیە قەناعەتێکی گشتی دروستبووە کە بارزانیی باوک بە کردەوە رۆڵی لە پڕۆسەی بڕیارداندا نەماوە و کوڕەکانی (ئەو)ئاراستە دەکەن! بە شێوەیەک کە هەموو جوڵە سیاسییەکانی (لە دروستبونی کابینەی نۆوە تا ئێستا)لە پێناو پێگە و بەرژەوەندیی کوڕەکانیەتی تا پاراستنی شکۆ و مێژووی خۆی. بە راددەیەک کە چەند هەفتەیەک پێش ئێستا خەریک بوو (مەرجەعەکەیان) بۆ چارەی کێشەی کۆڕەک بنێرنە بەغدا!
*
هاوکات ئەو قەناعەتەش دروستبووە کە ئەوەی ئەو دیزاینەی بارزانیی تێکداوە، یەکێتییە کە پێداگری لەسەر نیوەی حوکم و پۆستەکانەکانی حکومەت دەکات و ریسەکە لەسەر دەستی کوڕانی تاڵەبانی بۆتەوە خوری. هەر پێکهاتنێک لەگەڵ یەکێتیدا بۆ کارا کردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت، لەسەر حیسابی یەک لە دوو پۆستە باڵاکانی دوو باڵەکە دەبێت.
*
بۆیە مەسەلەی پێکنەهاتنی حکومەت، ئەگەر بەشێکی پەیوەست بێت بە داواکانی یەکێتی، ئەوا بەشەکەی دیکەی ئەوەیە کە بارزانیی باوک توانای کۆنتڕۆڵکردنی باڵەکانی نەماوە و ، تا شەراکەتی ناو پارتی نەچەسپێ، ئاستەمە شەراکەت لەگەڵ یەکێتیدا بچەسپێ.
|