ڕیفراندۆم؛ بەردێک بوو نەزان خستییە گۆمەوە و بەهەزار زانا دەرنایەتەوە

ئەحمەد میرە

مامۆستای زانکۆ و ڕۆژنامەنووس
  25/09/2026  |    368 جار خوێندراوەتەوە
ڕیفراندۆم، ژەهرێکی سیاسیی ترسناک بوو، کە بەپێی پیلانێکی هەواڵگریی مەترسیداری وڵاتانی هەرێمی، دژ بە کورد، کرایە ناو جەستەی سیاسیی هەرێمی کوردستانی عێراقەوە.
سەربەخۆیی کوردستان، دەوڵەت، حوکمڕانیی خۆماڵیی ڕەسەن و بە خزمەت و دادپەروەر و دیموکراسی، سادەترین مافن، کە پێویستە بۆ هەموو گەلێک هەبن، لە ناویشیاندا، گەلی کورد لە هەموو گەلانی جیهان، زیاتر شایانی ئەو مافە سەرەتاییانەن.
بە ئەندازەی گرنگیی ئەوەش، گرنگە بزانین، کە کاتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکە هەڵە بوو، بەردێک بوو نەزان خستییە گۆمەوە و بەهەزار زانا دەرنایەتەوە. لێدانێک بوو لەپێناو ئەوەی کورد، نەک ببێت بە دەوڵەت، بەڵکو بۆ ئەوە بوو، ئەوەی بەدەستیشمان هێنابوو، لەدەستیبدەین.
بۆیە نابێت مێژوو هەرگیز پێچەوانەی ئەمە بنوسێتەوە و بکەرانی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، لەو کاتە نەگونجاوەدا، بکاتە پاڵەوانی نەتەوەیی، هاوکات نەیارانی کاتی ئەنجامدانیشی، وەکو خیانەتکارانی مێژوو باسبکرێن، چونکە لە بنەڕەتدا و بەپێی لۆژیکی سیاسی و پێوەرەکانی ژیرمەندی و خوێندنەوەی عەقڵی سیاسی، ڕاستییەکە ئەوەیە، کە ئاماژەمانپێدا.
کورد لە باشوور و تەنانەت ئەوەی لە ڕۆژئاوای وڵاتیش ڕویدا، دەرهاویشتەی خراپیی ڕیفراندۆم بوو. بێ مووچەیی و لەدەستدانی خاک و بێشکۆیی لە بەغداد و لەدەستدانی کارتە سیاسییەکان و زاڵبوونی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی بەسەر هەرێمدا و چەندین کارەساتی دیکە، بەڕوونی و ڕاشکاویی، دەرهاویشتەی ئەو مامەڵە ناتەندروستە بوون، کە لەگەڵ کاتی ئەنجامدانی پێواژۆ/پڕۆسەی ڕیفراندۆمدا ڕوویاندا.
لەوە تێدەگەم، کە گەلەکۆمەکێی هەرێمی و نێودەوڵەتی و پیلانی ناوخۆیی و دۆخی دوای شەڕی داعش، کۆمەڵە هۆکارێکی مەزن بوون لە پەکخستنی پێواژۆکەدا، بەڵام لە بەرانبەریشدا دۆستەکانی کورد و کەسانی گەورەی خاوەن بیری سیاسیی مەزن لە ناوخۆیی وڵات و دەرەوەشدا، ئامۆژگاریی زۆری سەرکردایەتیی ئەو دەمەی کوردیان کرد، کە لەو کاتەدا دەست بۆ ئاگری ڕیفراندۆم نەبەن، بەڵام ئێمە بە دروشمی: حیسابی یەک تۆز بۆ هیچ کەس ناکەین، وەڵامماندانەوە.
ئەگەر ئەم بۆچوونانەی ئێمە دروستنین، بۆچی دوای نۆ ساڵ لە ئەنجامدانی پێواژۆکە، هیچ شتێک بە ئاڕاستەی ئەرێنی، لە دۆخی گەلی کورد لە باشووردا، نەگۆڕاوە؟ چونکە هەموو پرسێکی سیاسی، دوای دەیەیەک ئاکامەکانی بەوردی دەردەکەون؛ بەڵام ئەوەی، تا ئێسا ڕوونە، تەنها نەهامەتییە سیاسیی و ئابورییەکانی ئەو پێواژۆیەن، نەک شتگەلی دی. لەوەیش خراپتر، بەداخەوە ئێستاش بڕێک وردە و کۆڵەواری سیاسی لە بڵندگۆ سواوەکانەوە، باس لە زیندووکرنەوەی ئەنجامەکانی ڕیفراندۆم دەکەن و دەیانەوێت هێندەی تر قوڕی نەهامەتیمان بۆ خەستتر بکەنەوە و بۆرە_ڕاڤەکردنەکانیان وەک تیۆریی نوێ و بەهادار لە بازاڕی میدیای کوردیدا دەفرۆشن. لەکاتێکدا خۆیان باش دەزانن ئەم بۆرە_ڕاڤەکردنانە بەسەرچوون و فلسێکی سوور ناهێنن.
دەبێت ئێمە لە باتی پرسی خۆ_گەوجاندن، بیر لە میکانیزمێکی نوێ و کاریگەر بکەینەوە، تاوەکو هەر هیچ نەبێت، ئەوەی، کە وەک پووشی بەردەم ڕەشەباوە ماومانە، بیپارێزین و خۆمان لەو بۆرە سیاسیانەی، کە نان و کوردایەتیی ساختەمان پێدەفرۆشنەوە، بەدووربگرین؛ چونکە کوردایەتیی ڕەسەن، لە ڕاستگۆیی و دەستکەوتدایە، نەک لە خۆگیفکردنەوە و خۆ_چەماندندا.
زیاتر