کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق، بە کوردستانیشەوە، کۆتاییهێنان نیە بە ئامادەبوونی سەربازی ئەمەریکا؛ بەڵکو گۆڕانە لە هاوسەنگیی هێز لە عێراق و لە تەواوی ناوچەکەشدا.
هەرێمی کوردستان لەبەردەم مەترسیی داعش، نفووزی هێزە چەکدارە نزیکەکانی ئێران و هەژموون و دەستوەردانی زیاتری تورکیا و ئێران دایە و کەمبوونەوەی پشتیوانیی بەرگریی ئاسمانی و دروستبوونی بۆشایی ئەمنی مەترسیەکە گەورەتر دەکا ، بۆیەهەرێم پێویستیی زیاتری بە رزێکخستنی ناوماڵی خۆیی و بە یەکخستنی هێزی پێشمەرگە و بە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەیە، لەگەڵ بەغدا و هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکان .
ئەگەرچی من پێموایە ئەم کشانەوەیە تەنها کشانەوەی سەربازیی ئەمەریکایە، بەڵام هەژموون و کاریگەریی ئەمەریکا بە شێوازی تر بەردەوام دەبێ .
ئەم ناوچەیە، بە کوردستان و ئێراق و بە سوریاشەوە ، بایەخ و گرنگی ستراتیژی بۆ ئەمەریکا و بۆ هاوپەیمانانیش هەیە و بەو ئاسانیە جێی ناهێڵن؛ ئەوەی روودەدا، گۆڕینی شێوازی وجودی ئەمەریکا و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی سیاسەتی ئەمەریکایە لە ناوچەکەدا ، لەهەمان کاتیشدا داڕشتنی نەخشەی نوێی وزەی جیهانی و بازرگانییە، نەک دەستبەرداربوونی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ، ئەم کشانەوەیە، تەنها گۆڕانێکی سەربازی نیە، بەڵکو گۆڕانە لە هاوسەنگی سیاسی و دیپلۆماسی و ئەمنیی هەرێم و ئێراق و ناوچەکەش.
ئەمە قۆناغێکی نوێیە و پێویستی بە بەرنامە و نەخشەرێی نوێ هەیە، بۆیە پەلەکردن لە یەکگرتنی تەواوەتی و کردەنی هێزی پێشمەرگە و هەموو هێزە ئەمنی و چەکدارەکانی تر ، پەلە کردن لە درووستکردنی حکومەتێکی یەکگرتووی نیشتمانی و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی پەیوەندیە دیپلۆماسییەکان و پتەوکردنی هاوسەنگانەی پەیوەندیەکانی هەرێم لەگەڵ بەغدا ، لە ئەرکە لەپێشینەکانی هەرێمە.
ئەگەر ئەمە نەکرێ ، لێکەوتەکانی ئەم کشانەوەیە مەترسیدارتر دەبن و ئایندەی هەرێمێش نادیار.