نووری مالیکی ئەم کابووسەی بینیوە!
07/01/2025
|
34 جار خوێندراوەتەوە
کەوتنی دیمەشق بەو ساناییە بەدەستی گرووپە ئیسلامییە سوننییەکان ترس و نیگەرانی زۆری لەلایەن سەرکردەکانی شیعە لە عێراق دروستکردووە، بەشێوەیەک رۆژ نییە، یەکێک لە سەرکردەکانی ئەو پێکھاتەیە قسە لەسەر مەترسییەکانی سەر عێراق و بوونی پلانێکی تۆکمە و داڕێژراو دژ بە وڵاتانی ناوچەکە نەکەن.
لێدوانەکانی بنیامین نەتەنیاھۆی، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەبارەی گۆڕینی نەخشەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و گوتەکانی نووری مالیکی،سەرۆکی دەوڵەتی یاسا دەربارەی بوونی پلانێک بۆ دابەشکردنی وڵاتانی ناوچەکە، دەکرێت دەرخەری ئەوەبن، لە داھاتووی دوور یاخود نزیک ئامانجی ئیسرائیل، ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانی ئەورووپا عێراق بێت، بەوپێیەی ئێستا شیعەکان دەسەڵاتداری یەکەمی وڵاتن و راستەوخۆش کەوتوونەتە ژێر ھەژموونی ئێران و بەبێ تارانیش ھەنگاو نانێن، کە ئەمەش وادەکات وڵاتان لە رێگەی گۆڕانکارییەوە بیر لە دەرھێنانی عێراق لەژێر ھەژموونی ئێران بکەنەوە.
نووری مالیکی، کە یەکێکە لە باڵادەستترین سەرکردەکان و زۆرجاریش بە سەرکردەی دەوڵەتی قووڵ لە عێراق ناوزەد دەکرێت زیاتر لە ھەرسەکردەیەکی دیکەی عێراق تای گۆڕانکاری لەو وڵاتەی ھاتووەتێ، چونکە ئەو لە رابردوودا جارێک ئەو دیمەنەی سووریای لە عێراق بینوە، کە داعش ھێرشیکرد و سوپاش بەبێ تەقە شارەکانی تەسلیم کرد، ھەربۆیەش لە دوای کەوتنی دیمەشق بەردەوام پێداگیری لەسەر بەھێزی عێراق و رووبەڕووبوونەوەی ھەر ئەگەرێک دەکات.
ئەوەی لێرەدا دەمەوێت قسەی لەسەر بکەم ئەو ھۆکارانەن، کە وادەکەن عێراق زوو بکەوێتە داوی گۆڕانکارییەکان و ھاوشێوەی سووریا رووبەڕووی گۆڕانکاری لە سیستەمی حکومڕانی و لاوازی شیعەکان لەو وڵاتە ببێتەوە.
1-بە ئامانجکردنی سەرکردەکانی حەشد و دەسەڵاتدارانی باڵای شیعە لە عێراق لەلایەن ئیسرائیلەوە، جا بە ئامانجکردنەکە راستەوخۆ لە رێگەی ئاسمانی یاخود ناڕاستەوخۆ بە تیرۆرکردنیان لەنێوخۆدا بێت، ئەمەش بەو پێیەی ئیسرائیل لەبەرامبەر حەماس و حزبوڵڵای لوبنان پەیڕەوی کرد، کە بەشێک لە سەرکردەکانی لە رێگەی بە ئامانجکردنی ئاسمانی و بەشێکی دیکەیان لە دەرەوە تیرۆر کرد، بە گرتنەبەری ھەنگاوێکی لەمشێوەیە، راستەوخۆ دەسەڵاتی شیعەکان لە عێراق لاواز دەبێت و ئەو کاریگەرییەیان نامێنێت، کە ئێستا ھەیانە.
2-ھاتنی ترەمپ و گرتنەبەری سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار دژ بە دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراق ھاوشێوەی ئەو سیاسەتەی لە رابردوودا بەرامبەر ئێران گرتییەبەر، جا گوشارەکان ئابووری بن یاخود سیاسی، جگە لەمەش رەنگە لەنێوخۆدا ھاوشێوەی سەردەمی لەکارلادانی عادل عەبدولمەھدی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق پشتیوانی لە خۆپیشاندانی جەماوەری بکەن، کە ئەمەش ئەگەرێکی بەھێزە و دەسەڵاتدارانی شیعە ناچار بە سازشکردن و گۆڕانکاری لە دەسەڵاتدا بکەن.
3-دنەدانی فەرماندەکانی سوپا لەلایەن کەسانی سوننەوە لە دەرەوەی عێراق بۆ ئەنجامدانی کودەتا، بەتایبەت، کە سوننەکان تاڕادەیەک لەنێو سوپادا باڵادەستن، لە چەند رۆژی رابردووشدا داواکاری عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکان بۆ یەکڕیزی لەنێوان حەشد و سوپا رەنگە ھۆکارەکەی ھەر ئەو ترسە بێت.
4-بیانووی ھەڵنەوەشاندەوەی حەشد و ھێرشە بەردەوامەکانی ئەو ھێزە دژ بە ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی دەشێت ئەگەرێکی دیکە بێت بۆ پەلاماردانی عێراق لەلایەن، ئیسرائیل و ئەمریکا و لاوازکردنی پێگەی شیعە لەو وڵاتە.
5-مەترسییەکانی بەھێزبوونەوەی داعش لەنێوخۆ و ئەگەری ھاتنی ھەزاران چەکداری دەستگیرکراوی ئەو رێکخراوە لە کەمپی ھۆل بۆ ئەو وڵاتە، ھەڕەشەیەکی جددیترە لەسەر عێراق، ھەربۆیەش دەسەڵاتدارانی شیعە بەردەوام پێداگیری لەسەر ئامادەکاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش دەکەنەوە.
لەژێر رۆشنایی ئەم ھۆکارانەی دیارمانکرد، بێکاریگەرکردنی دەسەڵاتدارانی شیعە زۆر لەوە ئاسانترە، کە بیری لێدەکرێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە بڕوای من شیعەکانی عێراق بە ھەماھەنگی لەگەڵ تاران بۆ خۆ دوورخستنەوە و رێگریکردن لە ھەر ئەگەرێک، کە ببێتە ھۆکار بۆ گۆڕانکاری یاخود لاوازبوونی پێگەکەیان بۆ ماوەی چەند ساڵێک چەند رێکارێکی دیاریکراو دەگرنەبەر و سازش لەسەر چەند پرسێک دەکەن لەوانەش ،
1-سەرجەم ھێرشەکانی حەشدی شەعبی بۆ سەر ئیسرائیل دەوەستێنن و دوور و نزیکیش باس لە پشتیوانیکردن لە کەرتی غەززە ناکەن.
2-تاڕادەیەکی زۆر ئەو فۆکسەی سەر حەشد لادەدەن و سەرکردەکانی ھێندە قسە و لێدوان لەسەر رووداوە ناوخۆیی و دەرەکییەکان ناکەن،بە پێچەوانەوە زۆرتر رۆڵی سوپا دەردەخەن و وای نیشاندەدەن، کە سوپا کاریگەرترین ھێزە لە وڵات، لە چەند رۆژی رابردووشدا بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە میدیاکان بڵاوببووەوە، قائانی لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ سەرکردەکانی حەشد داوای لێکردبوون پابەندی رێنماییەکانی شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بن و خۆیان لە ھەر ھێرشێک بەدوور بگرن.
3- سیاسەتێکی میانڕەو بەرامبەر بە سوننەکانی عێراق پەیڕەو دەکەن، بەتایبەت لە ناوچە سوننە نشینەکان بۆ ئەوەی بە ھەمانشێوەی ٢٠١٤ رووبەڕووی ھێرشی گرووپە سوننەکان نەبنەوە، ھەروەھا یاسای لێبووردنی گشتی کە سوننەکان پێداگیری لەسەر دەکەن، رەنگە لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت و تێبپەڕێندرێت.
٤- بۆ رازیکردنی ترەمپ و ئیدارەکەی، رەنگە کشانەوەی تەواوی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ دوا بخەن و تاڕادەیەکیش پەیوەندییە ئاشکراکانیان لەگەڵ ئێران بەژێر بەژێری بھێڵنەوە.
کەواتە بەگوێرەی ئەو رێکارە پێشبینیکراوانەی ئاماژەمان پێیدا، دەکرێت بڵێین، چوار ساڵی داھاتوو، شیعەکان لە عێراق ھەماھەنگی لەگەڵ لایەنەکان دەکەن و ھەموو ھەوڵێکیان بۆ رازیکردنی لایەنەکان لەنێوخۆ و دەرەوە دەبێت، ھەروەھا دەستبەرداری بەشێکی زۆر لە دروشمەکانی دەرچوونی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و پشتیوانیکردن لە کەرتی غەززە و لوبنان دەبن، جگە لەمەش ھەوڵدەدەن خۆیان لەو کارانە ببووێرن، کە کاردانەوەی دەرەکی لێدەکەوێتەوە.
|