ئەندامێکی لیژنەی نەوت و غاز: ئیرادەیەکی باش هەیە بۆ ئەوەی هەرێم و بەغدا بگەنە ڕێککەوتن

  5   کاتژمێر پێش ئێستا  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەندامێکی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند "ئیرادەیەکی باش هەیە بۆ ئەوەی هەرێم و بەغدا بگەنە ڕێککەوتن و نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە دەستپێبکاتەوە، لە دوێنێوە گفتوگۆ دەستی پێکردووە و چاوەڕێ دەکرێت لە ماوەیەکی نزیک بگەنە ڕێککەوتن و کۆتایی بە کێشەی هەناردەی نەوت و نەناردەی مووچە بێت."

سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: "شاندێکی حکومەتی عێراق، لە وەزارەتی نەوت، دارایی، تەکنیکی و سیاسی پێکهاتووە، لە دوێنێوە دەستیان بە گفتوگۆ کردووە و بەردەوامن، چاوەڕێ دەکرێت لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت و داهاتی نانەوتی ڕاپۆرتێک ئامادە بکەن، لە یەک نزیکبوونەتەوە، ئەو کێشانەی هەبوون زەحمەت نین چارەسەر بکرێن، چونکە ئێستا ١١٠هەزار بەرمیل بۆ ناوخۆ بەکار دێت، حکومەتی هەرێم دەتوانێت ٢٨٠هەزار بەرمیل بۆ ٣٠٠هەزار بەرمیل لەڕێگەی بەندەری جەیهان هەناردە دەکات، کە هەمووی دەکاتە ٤٠٠هەزار بەرمیل، خۆشی ڕێککەوتن بەو شێوەیە کراوە، بۆیە ئەو ڕێککەوتنە تەواو بکرێت کێشەی مووچە چارەسەر دەبێت و مانگانە مووچە ڕەوانە دەکرێت، ماددەی ١٢ هەیە لە یاسای بودجە باس لەوە دەکات دەستەیەکی ڕاوێژکاری بیانی بێن کاری خۆیان بکەن بۆ ئەوەی هەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە، ئەمەش لەدوای ڕێککەوتن دێت."

وتیشی: "پێویستە عێراق دوو هەنگاو بنێت، ئەوانیش قەرزی کۆمپانیاکان بداتەوە و زەمانەتێک بۆ پێدانی پارەی ئەوان هەبێت، بۆیە ئەمجارە ئومێدێک هەیە، گفتوگۆکانیش زۆر درێژە ناکێشن بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتن، چونکە یاسا هەیە، ئێستا لەو خاڵەی پێشتر لێی وەستابوون دەست بە گفتوگۆ کراوەتەوە، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش نیەتێکی هەیە بۆ ئەوەی چارەسەری ئەو کێشەیە بکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ناکرێت تا هەشت مانگی دیکە خەڵک بێ مووچە بێت، هەرێمی کوردستانیش ئامادەیە هەموو ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات، ئەپیکۆریش ئامادەیی خۆی دەربڕیووە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت، تەنها داوایان کردووە دوو خاڵ جێبەجێ بکرێت، ئەوانیش دانەوەی قەرز و زەمانەتێک بۆ سەرفکردنی ١٦دۆلاری دەرهێنانی نەوت، بۆیە ئەمجارە ئیرادەیەکی باش هەیە بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتن و کۆتایی بەو کێشەیە بێت، بۆیە هیچ بەربەستێک لەبەردەم ڕێککەوتن نییە.


ڕیکلام