بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، ساڵیادی ئەنفالکردنی بارزانییەکان برینێکی سەر جەستەی نیشتمانە و بەڵگەی ئەو سیاسەتە دڕندانەیەی رژێمی بەعسی لەناوچووە کە لە تەواوی شاڵاوەکانی ئەنفالدا بۆ سڕینەوەی ناسنامە و قڕکردنی گەلەکەمان پەیڕەوی دەکرد.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەم یادە پڕ لە ماتەمەدا سەری رێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کوردستان و قوربانییانی ئەنفال دادەنەوێنین و هاوخەمیی قووڵی خۆمان ئاراستەی کەسوکارە سەربەرزەکانیان دەکەین.
سەرۆکى یەکێتى، جەخت لەوە دەکاتەوە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانییانی شاڵاوی ئەنفال تەنیا ئەرکێکی یاسایی نییە، بەڵکو هەوڵێکی کرداری و جدیی حکومەتی عێراقە بۆ ساڕێژکردنی بەشێک لەم برینە گەورەیە.
دەشڵێت، باشترین وەفاداری بۆ خوێنی پاکی شەهیدان، یەکڕیزی و یەکگوتاریی نیشتمانیمانە بۆ بەهێزترکردنی هەرێمی کوردستان.