بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، لەسەر دۆسیەی كوشتنی خوشكەكەی خۆی ، تۆمەتبارێك خۆی ڕادەستی هێزەكانی پۆلیس كرد.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، دوای ئەوەی نیوەڕۆی ئەمڕۆ هێزەكانی پۆلیسی سلێمانی ئاگادار كرایەوە لە بوونی ڕوداوێكی كوشتن لە گەڕەكی شێخ عبدالقادری چوێسە لەشاری سلێمانی ، دەستبەجێ مەفرەزەكانی پۆلیسی سلێمانی گەیشتنە شوێنی ڕووداوەكەو كەشف و هێڵكاری شانۆی تاوان ئەنجامدرا.
ئاماژەی بەوەشكرد، بەبڕیاری دادوەر هێزەكانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان ، پۆلیسی فریاكەوتنی سلێمانی و مەفرەزەكانی دەزگای ئاسایشی هەرێم بەدواداچوونەكانیان دەستپێكرد بۆ دۆزینەوەو دەستگیركردنی تۆمەتبار ، سەرئەنجام تۆمەتبار خۆی ڕادەستی هێزەكانی پۆلیسی سلێمانی كرد .
بەگوێرەی ڕاگەیەندرەكە، لە ئێستادا تۆمەتبار ( ت ، س ،أ ) بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەتۆمەتی كوشتنی خوشكەكەی خۆی ، بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوەو لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە بەردەوامە .