لە لایەن لە دادگای کەتنی بنەسڵاوەوە رۆژنامەوان شێروان شێروانی بە چوار ساڵ و شەش مانگی دیکە زیندانیکردن سزا درایەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، ١٩ی ئابی ٢٠٢٥، لە دادگای کەتنی بنەسڵاوە لە شاری هەولێر، دادگاییکردنی شێروان شێروانی بەڕێوەچوو، بە تۆمەتی ئەوەی هەڕەشەی لە ئەفسەرێکی زیندان کردووە، کە تێیدا دادگا بڕیاریدا بە سزادانی شێروان شێروانی بە چوار ساڵ و شەش مانگ زیندانی.
بڕیارەکەی دادگا بۆ سزادانی شێروان شێروانی لەسەر سکاڵای ئەفسەرێکی زێرەڤانی بووە، پارێزەری ئەو رۆژنامەنوسە رایگەیاند: بڕیارەکەی دادگا غەدرە و تانەی لێدەدەن.
وتیشی: لەدەرەوەی دادگا هێزێکی سەربازیی زۆر بە جلی مەدەنییەوە بڵاوەیان پێکراوە.
شێروان شێروانی لە ٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ لەگەڵ ژمارەیەک رۆژنامەوان و چالاکوانی بادینان دەستگیرکرا، پاش چەند مانگێک لە دەستگیرکردنیان، دادگای تاوانی هەولێر لە رۆژی ١٦ی شوباتی ٢٠٢١ بەتۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی"، هەریەک لە شێروان شێروانی، ئەیاز کەرەم، گوهدار محەممەدئەمین، هاریوان عیسا و شڤان سەعیدی بەشەش ساڵ زیندانی بۆ هەریەکەیان سزادا.
هەرچەندە لەو کاتەوە تەنها شێروان شێروانی لە زینداندا ماوەتەوە، بەڵام دواتر، بەگوێرەی بڕیاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەبوو لە ئەیلولی ٢٠٢٣ شێروان شێروانی ئازادبکرایە، بەڵام بەر لەو وادەیە و لە ٢٠ی تەمموزی ٢٠٢٣، بە چوار ساڵ زیندانیکردن سزادرایەوە، دواتر بەپێی مەرسومی سەرۆکی هەرێمی کوردستان چوارساڵەکە کەم کرایەوە بۆ دوو ساڵ و دەبوو لە مانگی ئەیلولی ئەم ساڵدا ئازاد بکرێت، بەڵام رێگری لە ئازادبوونی گیرا و جارێکی دیکە سزا درایەوە.