ڕۆژنامەی تەلەگرافـی بەریتانی: دوو برا هەرێمی كوردستانیان لە جەنگ پاراست

  9   کاتژمێر پێش ئێستا  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی ڕاپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هاتووە، کە بافڵ جەلال تاڵەبانی و قوباد جەلال تاڵەبانی، ئەو دوو برایەی لە بەریتانیا گەورە بوون، ڕۆڵێکی بێوێنەیان گێڕا لە دوورخستنەوەی هەرێمی کوردستان لە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران. ڕۆژنامەکە دەڵێت ئەم دوو برایە نەیانهێشت کورد وەک "سەری ڕم" بۆ هێرشی زەمینی دژی تاران بەکاربهێنرێت.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی تەلەگراف، تەنیا 2 ڕۆژ دوای دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا دژی ئێران، دۆناڵد ترەمپ پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی ئەنجام دا. ئەم پەیوەندییە بووە هۆی دروستبوونی دەنگۆی ئەوەی گوایە ئەمریکا دەیەوێت لە ڕێگەی گرووپە چەکدارە کوردییەکانەوە هێرشی زەمینی بکاتە سەر ئێران، بەڵام بۆچوونی برایانی بافڵ جەلال تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی تەواو جیاواز بوو.

ڕۆژنامەی تەلەگراف دەڵێت ئەم دوو برایە بەهۆی پەروەردە ئەوروپییەکەیان دەتوانن بە زمانێک بدوێن کە هەم ڕۆژئاوا تێیبگات و هەم هاوسەنگی لەگەڵ تاران دا بپارێزن.

ڕاپۆرتەکە باس لە جیاوازییەکانیان دەکات؛ بافڵ جەلال تاڵەبانی وەک کەسێکی شارەزا لە ستراتیژیی سەربازی و "تیژبین" وەسف کراوە کە حەزی بە فەرمیەت نییە، لە بەرامبەردا قوباد تاڵەبانی وەک کەسێکی "ڕێکخراو و کارگێڕ" دەردەکەوێت. ئەم دوو ئاڕاستەیە وایکردووە بتوانن لە یەک کاتدا لەگەڵ جیهان و ناوخۆی ناوچەکەدا مامەڵەیەکی ورد بکەن.

لە کاتێکدا میدیای ئەمریکا باسیان لە تێوەگلانی (CIA) دەکرد بۆ پڕچەککردنی کوردانی ڕۆژهەڵاتى کوردستان، بافڵ جەلال تاڵەبانی لە شاشەی (فۆکس نیوز)ەوە پەیامێکی نارد بۆ ترەمپ و وتی: "کوردستان دەبێت پرد بێت، نەک گۆڕەپانی جەنگ." ئەم پەیامە وەک هەوڵێکی جدی بینرا بۆ ڕێگریکردن لەوەی هەرێم تووشی کارەساتێکی وێرانکەر بێت.

تەلەگراف ئاماژە بەوەش دەکات، قوباد تاڵەبانی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ (چەناڵ فۆڕ) هۆشداریی دایە گرووپە کوردییەکانی ئێران کە "ژیر و ستراتیژی بن" و بێ ڕەزامەندیی حکومەت هیچ هەنگاوێکی سەربازی نەنێن. ئەم فشارە وایکرد گرووپەکانی وەک (PAK) ڕایبگەیەنن کە ئاسایشی هەرێمی کوردستان ناخەنە مەترسییەوە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا، قسەکانی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عێراق هاتووە کە ڕاشکاوانە بە زلهێزەکانی وتووە: "کورد وەک بەکرێگیراو (Guns for hire) تەماشا مەکەن، ئێمە نابینە پارچەی یارییەکانی ئێوە." ئەم هەڵوێستە نیشانەی یەکدەنگیی بنەماڵەی تاڵەبانی بوو بۆ دوورخستنەوەی کورد لە "شەڕی وەکالەت".

ڕۆژنامەی تەلەگراف، باس لەوە دەکات کە ئێستا گردی دەباشان بووەتە ناوەندێکی گرنگ بۆ پاراستنی سەقامگیری. قوباد تاڵەبانی بە کورتی دەڵێت، "ئەمە جەنگی ئێمە نییە، ئێمە ئیدى بەسە چەندین جەنگمان بینیوە." بەم شێوەیە ئەم دوو برایە توانییان هەرێمەکەیان لە ناو ئاگری جەنگی ئەمریکا و ئێران دا بە سەلامەتی ڕابگرن.


ڕیکلام