شاندە تەكنیەكیەكەی عێراق گەڕایەوە بەغداد، شاندی هەرێم گەیشتنە بەغداد، بەغداد مانگانە داوای (150) ملیار دینار داهاتی ناوخۆ و رادەستكردنی (280) هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دەكات لەرێگای سۆمۆوە هەناردەبكرێت، لەبەرامبەردا بەغداد موچەی موچەخۆران و خەرجی كۆمپانیاكانی نەوت دەدات.
ماوەی دوو رۆژ شاندێكی تەكنیكی حكومەتی عێراق لە هەرێمی كوردستان بوون لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەرێم و وەزارەتی سامانەسروشتییەكان و سەرۆكایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و كۆمپانیاكانی نەوت كۆبوونەتەوە، شاندەكەی عێراق گەڕانەوە بەغداد، ئەمڕۆش شاندێكی وەزارەتی سامانەسروشتییەكانی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران گەیشتنە بەغداد و لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و سۆمۆ لە كۆبوونەوەدان و لە رێككەوتن نزیكن.
بەپێی بەدواداچوونەكان:
- حكومەتی عێراق داوای (50%)ی كۆی داهاتی ناوخۆ دەكات، داهاتی ناوخۆ بە (300) ملیار دینار خەمڵێندراوە، واتا مانگانە (150) ملیار دینار رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق بكرێت.
- رۆژانە هەرێمی كوردستان (280) هەزار بەرمیل نەوت لە رێگای سۆمۆوە هەناردە بكاتەوەو داهاتەكەی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق دەگەڕێتەوە.
- لەبەرامبەردا لەماوەی ئەم هەفتەیەدا وەك نیەت باشی سەرەتا بەغداد موچەی مانگی ئایاری موچەخۆران دەدات و دوای رێككەوتنی تەواوەتیش موچەی مانگی حوزەیران خەرج دەكرێت.
- بۆ هەر بەمیلێك بەغداد (16) دۆلار بۆ كۆمپانیاكانی بەرهەمهێن خەرج دەكەن
- هەرێم رۆژانە (280) هەزار بەرمیل رادەستی سۆمۆ دەكات، نرخی بەرمیلێك لە بازأرەكانی جیهان نزیكەی (65) دۆلارە، واتا رۆژانە داهاتی ئەو (280) هەزار بەرمیلە دەكاتە ( 18 ملیۆن و 200 هەزار) دۆلار، مانگانەش كە (8 ملیۆن و 400 هەزار) بەرمیل دەكات داهاتەكەی دەكاتە (546) ملیۆن دۆلار.
- بۆ هەر بەرمیلێك (16) دۆلار بۆ كۆمپانیاكە خەرج دەكرێت واتا مانگانە (8 ملیۆن و 400 هەزار) بەرمیل دەكاتە ( 134 ملیۆن ) دۆلار، واتا حكومەتی عێراق لە (546) ملیۆن دۆلار (412 ملیۆن) دۆلاری مانگانەی بۆ دەمێنێتەوە.
- خۆ ئەگەر ئەو (280) هەزار بەرمیلەی رۆژانە بە نرخی هەرێم بفرۆشرێت كە لە ئێستادا (33) دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێك، ئەوا داهاتی مانگە دەكاتە (277) ملیۆن دۆلار، لەبەرامبەر (546) ملیۆن دۆلار ئەگەر لە رێگای سۆمۆوە بیفرۆشێت، واتا (269) ملیۆن دۆلار كەمتر دەیفرۆشێت.