کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لەبارەی بەقاچاخبردنی نەوتی عێراق دەڵێت: مەحاڵە نەوتی عێراق بە قاچاغ بڕوات و میدیاکان بەڵگەنامەیەکی فەرمی دزەپێکراوی نایاسایی سۆمۆیان بڵاوکردووەتەوە
کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: میدیاکان بەڵگەنامەیەکی فەرمی دزەپێکراوی نایاسایی سۆمۆیان بڵاوکردووەتەوە، ئاڕاستەی هەندێک لایەنی ئەمنیی پەیوەنداری کردبوو، کە ناوەڕۆکەکەی پەیوەندیدارە بە ئاشکراکردنی ئەنجامی ئەو بەرنامە بەدواداچونانەی کە کۆمپانیا بەکاریدەهێنێت بۆ چاودێریکردنی جوڵەی نەوتهەڵگرە دەرچووەکان کە نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکانی عێراقیان هەڵگرتووەو بەگوێرەی رێکارەکان هەناردەکراوە لەلایەن کۆمپانیاکەوە، بۆ دڵنیابون لەوەی کە کۆمپانیا کڕیارەکان پابەندن بە مەرجەکانی گرێبەستەکانیان.
سۆمۆ لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە: تێگەیشتنێکی هەڵە لە ناوەڕۆکی بەڵگەنامەکە لەلایەن میدیاکانەوە هەیە، بەو پێیەی بەڵگەنامە فەرمییە دزەپێکراوەکە بە پرسێکی ئاسایی (رۆتین)ی کارکردنی توندوڵ دادەنرێت کە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا چەندین جار دەرچووە، هەرکاتێک لە بەرنامەکانی بەدواداچووندا ناوی ئەو نەوتهەڵگرانە ئاشکرا بکرێت کە لە کۆمپانیاکەدا تۆمار نەکراون بەوەی کە رێگەی بارکردنیان پێنادرێت، لە پێگە جیهانییەوە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت ، دواتر تەواوی لایەنە ئەمنیە پەیوەندیدارەکان لەسەر زەوی ئاگادار دەکرێنەوە تا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکەن و راستی و مەبەستی ئامادەبونیان دەستنیشان بکەن.
باسی لەوەشکردوە: بەداخەوە بەهۆی نەبوونی پسپۆڕی، یان بەهۆی ئەوەی سروشتی بەڵگەنامەکە بۆ میدیا نەبووە، بەڵکو لە نێوان کۆمپانیاکەمان و لایەنەکانی دیکەدا کە ئاستێکی بەرزی هەماهەنگی و تێگەیشتنێکی هاوبەش هەیە لە ناوەڕۆکی بەڵگەنامەکە و ئەرکی جێبەجێکردنی، هەندێک کەناڵی میدیایی و پێشکەشکارانی بەرنامەکان و هەندێک بەناو شارەزا، کە زانیاری و ئەزموونی وردیان نییە لەگەڵ ناوەڕۆکی بەڵگەنامەکە بەپێچەوانەی لێکدانەوەی بەڵگەنامەکە، بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت دان بە قاچاغچێتی و تێکەڵکردنی نەوت و پێکهاتەکانیدا دەنێت لە بەندەرەکانی عێراق و ئاوە هەرێمایەتیەکانی.
جەختیشکردووە: ئەمە پێچەوانەی راستییەکانە، هیچ شێک لەوبارەیە بوونی نییە، بەڵکو مەحاڵە قاچاغچێتی بکرێت لە سایەی هەماهەنگی و هاوکاری بەردەوامی نێوان کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوت و دەزگا ئەمنییە پەیوەندیدارەکان و هاوبەشکردنی هەر زانیارییەک کە دەبێتە هۆیپاراستنی ئاوە هەرێمایەتیەکانی عێراق و بەندەرەکانی بارکردن و بەتاڵکردنی تیایاندا.