الشرق الاوسط: حکومەتی عێراق پلانی هەیە پێگەی گرووپە چەکدارەکان گەمارۆبدات

  12   کاتژمێر پێش ئێستا  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
رۆژنامەی "الشرق الاوسط" لە راپۆرتێکیدا ئاماژەی بەوەداوە، سەرچاوە عێراقییەکان پلانێکی حکومەتی عێراقییان ئاشکراکردووە، کە بریتیە لە گەمارۆدانی بنکە و پێگەکانی گرووپە چەکدارەکان، کە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بەڕێوەدەبرێن؛ وەک ئامادەکارییەک بۆ هەڵوەشاندنەوەیان قۆناغ بە قۆناغ.

بە وتەی سەرچاوەکان کە قسەیان بۆ الشرق الاوسط کردوە، پلانە حکومییەکە  بریتیە لە بڵاوەپێکردنی هێزەکانی سوپاو دژەتیرۆر لە دوای ٣٠ی ئەیلول لە دەوروبەری ناوەندەکانی ئۆپراسیۆنی سەر بە گرووپە چەکدارەکان و لەسەر ئەو رێگایانەی دەچنەوە سەر ئەو شوێنانە؛ بە مەبەستی سنوردارکردنی جوڵەی پاڵپشتیکردن لە ناوبنکەکان و لە دەرەوە کە بۆیان دەچێت.

سەرچاوەکان ئاماەیان بەوەشکردووە، هێزە حکومییەکان قۆناغ بە قۆناغ دەست دەکەن بە دانانی خاڵی پشکنین بۆ چاودێریکردنی جوڵەی چەک و دەستبەسەرداگرتنیان، بە تایبەت فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەک.
رۆژنامەکە ئاماژە بەوەشدەکات، پلانەکە بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر دوو ناوچە چڕبووەتەوە: جرف لسەخر کە مۆڵگەی کەتایبی حزبوڵایەو جەرف لنەداف، کە مۆڵگەی بزوتنەوەی نوجەبایە، هەردووکیان دەکەونە باشوری بەغدا.

ئەم پلانە نیگەرانی بەرپرسانی ئێرانی لێکەوتووەتەوە دەربارەی چارەنوسی ئەو چەکە ستراتیجییانەی لەبەردەستی گرووپەکاندان، لەگەڵ سەنتەرەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵ کە راوێژکارانی سەر بە سوپای پاسداران کاردەکەن تێیاندا. 

لە هەمان کاتدا، بە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیان راگەیاندووە، کاتی ھەڵمەتەکە زۆر خراپە؛ چونکە بارودۆخی ناوچەکە وا دەخوازێت هاوپەیمانان دەست بە چەکەکانیانەوە بگرن، بەتایبەتی لە عێراق.

ناوچەی جورف لسەخر لە ساڵی ٢٠١٤ەوە یەکێکە لە قەڵا گرنگەکانی گرووپەکان، کە پێدەچێت بووبێتە بنکەیەکی ستراتیجی سەربازی بۆ گرووپەکان و کەمپەکانی نیشتەجێبوون و زیندان و کۆگاو کارگەی موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.
 بەڵام زۆرێک پێیان وایە وەک ناوەندێکی ئۆپەراسیۆنی سوپای پاسدارانی ئێران کاربکات.

ناوچەی جورف لنەدەفیش کە دەکەوێتە دەوروبەری باشوری رۆژهەڵاتی بەغدا لە نزیک رێگای بەغدا - مەداین، لە ساڵانی رابردوودا وەک شوێنێک دەرکەوتووە کە بارەگا و دامەزراوەکانی سەر بە هێزەکانی حەشدی شەعبی و گروپە چەکدارەکان لەخۆدەگرێت.


ڕیکلام