ئەمڕۆ بنکەی هێزەکانی ئەمەریکا بە درۆن بۆردوومان کرایەوە

  2023-10-28  | 
دۆسیە:  جیهان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەمڕۆ دووبارە بنکەی تەنەفی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا بە دوو درۆن کرایە ئامانج و سیستمی بەرگری ئەمەریکاش رووبەڕووی هێرشەکە بووەوە.

ژیان:

میدیای سوریی لە سەرچاوە ناوخۆییەکانی پارێزگای حمسەوە بڵاویکردەوە، سەرلەبەیانی رۆژی شەممە گروپە چەکدارییەکان بە دوو درۆن هێرشیانکردەسەر بنکەی تەنەفی هێزەکانی ئەمریکا کە دەکەوێتە نزیک سنوری عێراق و سوریا و ئوردن.
ئاماژەیان بەوەشکردوە، سیستمی بەرگری ئەمریکا ھەوڵیداوە روبەڕوی ھێرشەکە ببێتەوە، بەڵام درۆنەکان توانیویانە بگەنە ئامانجەکانیان و بۆردومانی بکەن.
هاوکات، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا- پێنتاگۆن لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەو هێرشانە کرد کە لە چەند رۆژی رابردوودا لە عێراق و سووریا کراونەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان و رایگەیاند، لە ١٧ تاوەکو ٢٧ی تشرینی یەکەم، هێزەکانی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان لانیکەم ١٤ جار لە عێراق هێرشیان کراوەتە سەر و لە سووریاش شەش جار بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و رۆکێت هێرشکراوەتە سەریان، واتە بەگشتی ٢٠ هێرش کراون و زۆربەی هێرشەکانیش لە رێگەی سیستمی بەرگرییەوە شکستیان پێھێندراوە.
پێنتاگۆن ئاماژەی بەوەشکردووە، لە دوو لەو هێرشانەی کە بە درۆن کراونەتە سەر بنکەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار لە عێراق و بنکەی تەنەف لە سووریا ٢١ پێرسۆنێلی ئەمریکی برینداربوون.


ڕیکلام