بەکارهێنانی دراوی بیانی لە عێراق قەدەغەکرا

  2024-01-01  | 
دۆسیە:  نرخی دۆلار
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بانکی ناوەندیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، "لە سبەینێوە مامەڵەکردنی دارایی لەناوخۆی وڵات بە دینار دەکرێت و بەکارهێنانی دراوی بیانی قەدەغەیە".

بانکی ناوەندیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بۆ جێبەجێکردنی ئامانجەکانی سیاسەتی دراو و توانا دارایی بانکەکان بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی دراوی بیانی بۆ کڕیارەکانیان، بانکی ناوەندیی عێراقی ئەو لایەنانەی دیاری کردووە بۆ وەرگرتنی حەواڵە دەرەکییەکانیان بە شێوەی کاش دەیانگرێتەوە بە دراوی دۆلاری ئەمریکی.

لە راگەیەندراوەکەی بانکی ناوەنیدا ئاماژەبەوەکراوە، " نێردە ‌و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان و رێکخراوەکان و سەرجەم دەزگا نێودەوڵەتییەکان کە لە عێراق کاردەکەن، رێکخراوە مەدەنییە ناحکومییەکان کە لە سکرتاریەتی گشتیی ئەنجومەنی وەزیران تۆمارکراون، لە ئەگەری ئەوەی لایەنی بەخشەری بیانی مەرجی ئەوە دابنێت کە بڕە پارەی حەواڵەی بیانی هاتوو بە دراوی دۆلار لە ناوخۆی عێراقدا بدرێت، گرێبەستە حکومییەکان کە بە دۆلاری ئەمریکی کاری پێدەکرێت و گرێبەستە بەردەوامەکان بۆ یارمەتییەکان و قەرز و رێککەوتنە دەرەکییەکان، رێژەی ٤٠%ی حەواڵەی هاتوو لە هەناردەکارانی عێراقیەکان لە ئەنجامی هەناردەکردنەکانیان بۆ دەرەوەی وڵات، بەکارهێنانی دراوی بیانی بۆیان رێگەپێدراوە".

بانکی ناوەندی ئەوەشی ئاشکراکردوە، " بانکەکان رێگەیان پێدەدرێت ئەو بڕە پارەیەی کە لە دەرەوەی وڵاتەوە وەریانگرتووە بە شێوەی کاش بیگەیەننە کڕیارەکانیان، ئەو سەرچاوە داهاتەی کە لە بەردەستی بانکەکەیە و بەپێی رێککەوتنی نێوان بانک و کڕیار دەدرێت، بەڵام بانکەکان بۆیان نییە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی پارەی کڕیاران کە لە دەرەوەی عێراقەوە بە دراوی دۆلاری ئەمریکی وەریدەگرن بیگۆڕنەوە بە دراوی دینار جگە بە رەزامەندی کڕیارنەبێت".


ڕیکلام