ئەردۆغان: ئۆپەراسیۆنەکانمان لە عێراق و سوریا بەردەوام دەبن

  2024-01-20  | 
دۆسیە:  تورکیا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان ڕایگەیاند ئۆپەراسیۆنەکانیان لەعێراق و سوریا بەردەوام دەبن و لە داهاتوودا پەرە بە فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانیان و چەکەکانیان دەدەن.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیاو سەرۆکی ئاکپارتی لەمیانی بەشداریکردنی لەکۆبونەوەی ئەنجومەنی ڕاوێژکاری ئاکپارتی لەیەلۆڤا ڕایگەیاند، جەهەپە لەلایەن دەم پارتییەوە بەبارمتە گیراوە‌و دەیانەوێت لەپێناو دوو سێ دەنگی زیاترو بەدەستهێنانی شارەوانی زیاتر، تیرۆریستان ئازان بکەن.

ئەوەشی خستەڕوو، پێشتر لەڕوبەڕوبونەوەی پەکەکە بەربەست خراوەتە بەردەممان، بەڵام ئێمه‌ لەڕێگەی چەکی خۆماڵییەوە ئۆپەراسیۆنەکانمان ئاسانتر بەڕێوەدەبەین، ئەوانەی پێشتر چەکیان بەئێمە دەدا، یەک بەیەک هەژماری ئەو فیشەکانەیان دەکرد کە بەکارمانهێناوە لەبەگژداچونەوەی تیرۆر، هەمیشە بەربەستیان دەخستە بەردەممان، بەڵام لەڕێگەی پەرەپێدانی چەکی خۆماڵی توانیمان ئەم بەربەستانە بەلاوەبنێین‌و ئێستا بەبێ کێشە ئۆپراسیۆنەکانمان لەدەرەوەو ناوەوەی وڵات بەڕێوەدەبەین".

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، "بەجدى ئۆپه‌راسیۆنەکانمان لەسوریاو عێراق بەردەوامدەبێت تائەوکاتەی زەلکاوەکانی تیرۆر وشکدەبن، لەقۆناغی داهاتوو پەرە بەفڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان‌و کەشتییەکانی فڕۆکەی جەنگ‌و چەکەکانی دیکەی وشکانی‌و دەریایی دەدەین".


ڕیکلام