ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی: ژمارەی گیانلەدەستدانی کۆچبەران لەسەدا ٢٠ بەرزبۆتەوە

  2024-03-07  | 
دۆسیە:  جیهان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتیی ڕایدەگەیەنێت: لەساڵی ڕابردوی ٢٠٢٣دا لانیکەم هەشت هەزارو ٥٦٥ کەس لەسەر ڕێگەی کۆچ‌و پەنابەریدا لەسەرتاسەری جیهان گیانیان لەدەستداوە، کە زۆرترین ژمارەی مردنی کۆچبەرانە تائێستا تۆمارکراوە.

ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی سەر بەنەتەوەیەکگرتوەکان لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: ژمارەی گیانلەدەستدانی کۆچبەران لەساڵی ٢٠٢٣دا بەراورد بەساڵی پێشوتر بەڕێژەی لەسەدا ٢٠ بەرزبۆتەوە".


ڕێکخراوەکە دەڵێت: ساڵی ڕابردوو لانیکەم هەشت ھەزارو ٥٦٥ کەس لەسەر ڕێگەکانی کۆچکردن لەسەرتاسەری جیهاندا گیانیان لەدەستداوە، بەمەش ساڵی ٢٠٢٣ بوەتە ئەوساڵەی کە زۆرترین ژمارەی مردنی کۆچبەران تائێستا تۆمارکراوە.

ئەوەش هاتوە، کۆی گشتیی ژمارەی گیانلەدەستدانی ساڵی ڕابردوو لەڕیکۆردی پێشوی ساڵی ٢٠١٦ زیاترە کە هەشت هەزارو ٨٤کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە.

ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتیی دوپاتیکردۆتەوە، هێشتا ڕێگەی پارێزراوو یاسایی کۆچکردن کەمن، ئەمەش ساڵانە بەسەدان هەزار کەس ناچاردەکات ئەم ئەزمونە لەبارودۆخێکی مەترسیداردا تێپەڕێنن.

ئاماژە بەوەشکراوە، پەڕینەوە لەدەریای ناوەڕاست تا ئێستاش وەک کوشندەترین ڕێگەی کۆچبەران دەمێنێتەوەو لەساڵی ڕابردودا لانیکەم سێ هەزارو ١٢٩ حاڵەتی مردن‌و بێسەروشوێنبون تۆمارکراوە.

هەروەک جەختیشی لەسەر پێویستی پەلەکردن لەگرتنەبەری ڕێکاری پێویست بۆ کەمکردنەوەی قوربانییەکان کردەوە.


ڕیکلام