لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا؛ دەم پارتی لە 11 پارێزگای باکوری کوردستان دەنگی یەکەمیان بەدەستهێناوە

  2024-03-31  | 
دۆسیە:  تورکیا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
جیاکردنەوەی دەنگەکان هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا بەردەوامە؛ لە گەورە شارەوانییەکانی ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە، ئیزمیر، ئەدەنە، مێرسین ، مانیسا، بورسا، ئەنتالیا و ئێسکیشەهیر پارتی گەلی کۆماری - جەهەپە لەپێش ئاکپارتییە.

ئەمڕۆ یەکشەممە هاوڵاتییانی باکوری کوردستان و تورکیا لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دەنگیاندا کە 34 پارتی سیاسیی لە 81 شارەوانیی کە 30ـیان گەورە شارەوانین ركابه‌رییان كرد.

ئەحمەد یەنەر، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەلبژاردنەکانی رایگەیاند؛ سبەینێ دووشه‌ممه‌ ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا رادەگەیەنین.

61 ملیۆن و 441 هەزار و 882 هاوڵاتی باکوری کوردستان و تورکیا له‌ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا مافی دەنگدانیان هەبوو، لە نێویاندا ملیۆنێک و 32 هەزار و 610 کەس یەکەمجار بوو بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن.

هه‌ر له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا 973 شارەوانیی شارۆچکەکان و 390 شارەوانییش بۆ شارەدێیەکان و 336 موختاریش هەڵدەبژێردرێن، کە بە گشتی 208 هەزار سندوقی دەنگدان لە ناوەندەکانی دەنگدان ئامادە کرابوون.
 


ڕیکلام