بڕیارە ئەمڕۆ بە ناونیشانی "لە پێناوی شکۆی وشە، گەلاوێژ بەردەوامە"، ٢٧ەمین خولی فێستیڤاڵی گەلاوێژ لە شاری سلێمانی دەستپێدەکات.
ئیبتیسام ئیسماعیل، سەرۆکی بنکەی روناکبیریی گەلاوێژ لەبارەی دەستپێکردنی فێستیڤاڵی گەلاوێژ رایگەیاند: فێستیڤاڵەکە چەندین چالاکیی هونەری و ئەدەبی لەخۆدەگرێت، چەندین خەڵات پێشکەشدەکرێت یەکێک لەوانە خەڵاتی زێڕینی کوردستانە کە بە ئەدیبێکی بیانی دەدرێت و خەڵاتی زێڕینی گەلاوێژ بە ئەدیبێکی کورد دەدرێت، جگە لە خەڵاتەکانی پێشبڕکێی گەلاوێژ کە خەڵاتی یەکەم و دووەم و سێیەمە بۆ شیعر، چیرۆک لێکۆڵینەوە.
ئاماژەی بەوەشدا: لە یەکەم رۆژی فێستیڤاڵەکەدا کۆنسێرتی گۆرانیی هونەرمەند دیاری قەرەداغی بەڕێوەدەچێت و شاعیری کورد جەمال غەمبار شیعر پێشکەشدەکات.
وتیشی: فێستڤاڵەکە ١٨٠ میوانی لە ناوخۆ و عێراق و وڵاتانی دیکەوە هەیە، کارەکانی ٢٧ەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ لە رۆژی ٥ تاوەکو ٧ی کانوونی یەکەم بەردەوامدەبێت.
لە کۆتایشدا باسی لەوەشکرد: لەنێو فێستیڤاڵەکەدا پێشانگایەکی کتێب دەکرێتەوە لەگەڵ پێشانگایەکی دەستڕەنگینیی ژنان و پیاوان.