وەزارەتی دارایی هەرێم ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق ئاشکراکرد

  2025-01-31  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق ئاشکراکرد و دەڵێت، " شاندی هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆیان دووپات کردەوە بۆ هەماهەنگی و کاری هاوبەش بەمەبەستی گەیشتن بەچارەسەری گشتگیر بۆ چەسپاندنی تەرخانکراوی پێویست بۆ دەستەبەرکردنی مووچەی فەرمانبەران".

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە: ڕۆژی هەینی ٣١ ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، لە شاری بەغداد بەسەرپەرشتی بەڕێز دکتۆر فواد حسێن جێگری سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی ئابووری عێراق کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەنێوان شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی بەڕێز (ئاوات شێخ جەناب )وەزیری دارایی و ئابووری و دکتۆر (ئومێد سەباح)سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و دکتۆر ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و دکتۆر عەبدول حەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و شاندی وەزارەتی دارایی عێراق بەسەرۆکایەتی بەڕێز خاتوو تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق بەڕێوەچوو.                                     
ئەوەشی راگەیاندوە: لە کۆبوونەوەکەدا کە ژمارەیەک لەڕاوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتیەکانی هەردوو وەزارەت ئامادە بوون، لەکەشێکی ئیجابی و بەرپرسیارانەدا گفتوگۆ لەسەر بوودجە و مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان کراو تیشک خرایە سەر ئەو ڕاپۆرت و داواکارییانەی کە لەلایەن تیمی تەکنیکی هاوبەشی هەردوولاوە لە سەر داواکاری وەزارەتی دارایی فیدراڵ لەماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا لە هەرێمی کوردستان ئامادە کرابوون، شاندی هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆیان دووپات کردەوە بۆ هەماهەنگی و کاری هاوبەش بەمەبەستی گەیشتن بەچارەسەری گشتگیر بۆ چەسپاندنی تەرخانکراوی پێویست بۆ دەستەبەرکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەمساڵدا.       

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوەکەیدا باسی لەوەشکردوە: لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا باس لە بەرەو پێشچوونەکانی پڕۆژەی ھەژماری من کراو بەداتا و زانیاری ژمارەی تۆمارکراوان لە پڕۆژەکە خرایەڕوو ، ھاوکات لەلایەن تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی (ھەژماری من)ەوە پلانی خۆیان بۆ دابەشکردنی مووچە خستەڕوو کە پێی پلانەکە بۆ ئەم مانگە نزیکەی ٢٧٤بە ھەزار فەرمانبەر لەسەرتاسەری ھەرێمی کوردستان بەشیوەی دیجیتاڵی مووچە وەردەگرن.     

لەکۆتایدا وەزارەتی دارایی هێمای بۆئەوە کردوە کە، بڕیارە سبەی شەممە کۆبوونەوەکان لە نێوان تیمەکانی وەزارەتی دارایی ھەرێم و حکومەتی فیدراڵ بەردەوام بێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو تێبینییە ھونەریانەی ماوە تا ھەردوولا بگەنە ڕێککەوتن لەسەر مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٥.