بەپێی میزانیەی مراجەعەی بەغداد، داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە مانگی شوبات بڕی 280 ملیار دیناری تۆمار کردووە کە لەمەدا 250 ملیار دینار بەشێوەی کاش وەرگیراوە و 30 تا 35 ملیار دیناری تر هێشتا نەگەیشتووەتە خەزێنەی گشتی.
لەچوارچێوەی ڕێککەوتنەکانی هەولێر و بەغداد، دەبێت هەرێمی کوردستان 50٪ی داهاتی ناوخۆی، واتە نزیکەی 125 ملیار دینار ڕادەستی حکومەتی فیدڕاڵ بکات، بەڵام هەرێم تەنها بڕی 48 ملیار دیناری ڕادەستی بەغداد کردووە.
ئەم جیاوازیە لە ڕێژەی پارەی ڕادەست کراو، وای کردووە کە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، داوای تەواوکاری ئەو بڕە پارەیە بکات و ئەمەش بووەتە هۆی دواکەوتنی ئیمزاکردن و ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی هەواڵی ژیان، تەیف سامی لەبەرامبەر ناردنی مووچەدا داوای گرەنتییەک دەکات کە پاش جەژن داهاتی ناوخۆی هەرێم بەو شێوەیەی لەسەری ڕێککەوتن کراوە ڕادەستی بەغداد بکرێت، بەڵام تا ئێستا هەرێم ئەو گرەنتیەی نەداوە.
بڕیارە سبەینێ وەزیرە کوردەکان لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا داوا لە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بکەن کە ناردنی مووچە تێبپەڕێنێت و لەوە زیاتر دوا نەکەوێت.
ئێستا بەغداد داوای 40 تا 45 ملیار دیناری زیاتر دەکات لە هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە داهاتی ناوخۆی مانگی شوبات.