ئەسعەد شەیبانی: کۆنفرانسەکەی حەسەکە نوێنەرایەتیی گەلی سووریا ناکات

  2025-08-13  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزیری دەرەوەی سوریا هێرشی توندی کردە سەر کۆنفرانسی یەکهەڵوێستیی پێکهاتەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا کە لە شاری حەسەکە بەڕێوەچوو و رایگەیاند، ئەو کۆنگرەیە نوێنەرایەتیی گەلی سووریا و تەنانەت زۆرینەی کوردیش ناکات و هەوڵێکی شکستخواردوو.

ئەمڕۆ چوارشەمە، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە ئەنقەرە، رایگەیاند: ئەو کۆنفڕانسەی لە حەسەکە بەڕێوەچوو بە دڵنیاییەوە نوێنەرایەتیی گەلی سووریا ناکات. بە شێوەیەکی گشتیش نوێنەرایەتیی زۆرینەی دەستەبژێری هۆز، ئایینەکان و تەنانەت دەستەبژێری کوردیش ناکات.
 
ئەسعەد شەیبانی وتیشی، ئێمە ئەو کۆنگرەیە رەتدەکەینەوە، چونکە پێشێلکردنی رێککەوتنی 10ـی ئادارە. حکومەت و دەوڵەتی سووریا چەترێکن و پێویستە هەموو پێکهاتەکان لە ژێریدا کۆببنەوە و کێشەکان چارەسەر بکرێن. هەر هەوڵێکی تێکدەرانە یان سوودوەرگرتن لە کێشە و ناسۆرییەکان بۆ بەکارهێنانیان وەک کارتی سیاسی رەتدەکەینەوە.


ڕیکلام