ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات 'هەسەدە' شەهیدبوونی پێنج شەڕڤانی لە کاتی ڕووبەڕوبوونەوەی داعــش لە دێرەزوور ڕاگەیاند.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات 'هەسەدە' ڕایگەیاند "بەیانی ئەمڕۆ تیرۆرستانی داعـــش هێرشیان کردە سەر خاڵێکی سەربازیی هێزەکانمان لە شارۆچکەی بەحرەی ناوەڕاست لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور، پێنج لە هەڤاڵانمان شەهید بوون و شەڕڤانێکی دیکەش بریندار بوو، ئەمەش لە کاتی پێکدادانێکی سەختدا بوو، کە بۆ تێکشکاندنی هێرشەکە ئەنجامدرا".
هەسەدە ئاماژەی بەوەشکردووە، "شەڕڤانانمان بەوپەڕی ئازایەتی و دڵسۆزییەوە ڕووبەڕووی هێرشی تیرۆریستان بوونەوە و توانییان پیلانە تیرۆریستییەکە پووچەڵ بکەنەوە و کۆنترۆڵی مەیدانی بەدەستبهێننەوە، لە ئێستادا ئۆپەراسیۆنەکانی کێوماڵکردن و ڕاوەدوونانی تیرۆریستان بۆ لەناوبردنیان لە ناوچەی ڕووداوەکە بەردەوامە".
دەشڵێت، "جەخت لە پابەندبوونی فەرماندەکان و شەڕڤانانمان دەکەینەوە بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچە جیاوازەکان".