شەهید غەزاڵ و بەرگرینامەیەک لە خەڵک!
18/04/2026
|
1527 جار خوێندراوەتەوە
لەمەڕ کەیسی شەهید (غەزاڵ مەولان)، پرسیار و گومان، لەسەر بێدەنگی خەڵکێکی زۆر درووست کرا؛ لەسەر ئەوەی بۆ لە پرسی هێرش بۆ سەر ڕۆژئاڤا خەڵکی سلێمانی و چالاکوانەکان هەڵوێستیان هەبوو، ئەی بۆ لە کەیسەکەی غەزاڵی شەهید، بێهەڵوێست بوون؟! بەم هۆیەوە کوێرانە و بێڕەحمانە، سوکایەتی و بیڕێزییەکی لە ڕادەبەدەر کرا.
دیارە لە کاتی ڕووداوی دڕندانەی شەهیدبوونی ئەو خاتوونە، ئەو دوو ڕۆژە لەگەڵ چەند هاوڕێیەک، بە هەندێک کاری خۆمان، لە سنوری قەڵادزێ و ڕانیە بووین. بەڵام لە دوای گەڕانەوەمان و درووستبوونی ئەو هەڵایە، منیش یەکێک بووم لەو هەزاران کەسەی، کە هەستم بە ئازاری ویژدان و ئیحراجی دەکرد!
لە خۆم دەپرسی هەر بەڕاست تۆ بڵێی: لە شاری هەڵمەت و قوربانیدا مزگەوتێک، یان ماڵێک نەبوبێت دەرگا بۆ ئەم شەهیدە بکاتەوە؟! تۆ بڵێی: لەم شارە گەورەیەدا، کە لە لایەن خێرخوازانەوە دەیان ئۆتۆمبێلی داخراوی تایبەت، بۆ گواستنەوەی تەرم (بە بێ بەرامبەر) تەرخانکراوون، کەچی هیچکام لەوانە، غیرەتی ئەوەیان نەبوبێت، تەرمی شەهید غەزاڵ بۆ گۆڕستان بگوازنەوە، ئەمەش وای کردبێت تەرمەکە لە گەڵابەی پێکابێکدا، بەو جۆرە دابنرێت؟!
لەوەش کارەساتبارتر تۆ بڵێی: لە نزیکەی دوو ملێون هاووڵاتی کورد لە سنووری هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، تا دەگاتە ئیدارەکانی ڕاپەرین و گەرمیان، ئەوەندە خەڵک دەستنەکوتبێت، کە سەر قەبرانەکە قەرەباڵخ بکەن؟! ئەی ئەگەر بابەتەکە، هێندە پڕ لە ترسناکی و پەشۆکان و تەنهایی بووە، ئەوە چۆنە بە کامێرا چرکە بە چرکەی تۆمار کراوە و مایک و وتاردان و مەراسیمی چەکداریش ڕێکخراوە؟!
لەم سۆنگەیەوە بڕیارمدا، بەدواداچوون بکەم:
سەرەتا، تەلەفۆنێکم بۆ خاتوو پەیمان عێزەدین کرد و پرسیم: تۆ ئاگاداری ئەم بابەت و پرسە بووی؟ گووتی: نەخێر ئاگاداری نەبووم. دواتر تەلەفۆنێکم بۆ کاک ئەبوبەکرهەڵەدنی کرد، ئەویش گووتی: نەخێر ئاگادار نەکراووم. هەروەها تەلەفۆنێکم بۆ کاک حاکم شێخ لەتیف کرد، هەم دیس ئەویش گووتی: نەخێر قوربان هیچ کەس خەبەری پێ نەداوم. نەک هەر ئەوەندە بەڵکو ئەم بەڕێزانەش ئەوەیان نەشاردەوە، کە نیگەرانن لەوەی ئاگادار نەکراون.
بۆ ئەم ناوانەم هێنا؟ چونکو ویڕای بوونی جیاوازی لە بۆچونماندا، بەڵام لە ڕابردوودا، لەسەر چەندین پرسی پەیوەندیدار بە خەمی گشتی و کوردبوون و نیشتیمان، (لەگەڵ چەندین هاوڕێی تریشدا)، یەکتر ئاگادارکردنەوە و ڕاوێژ و کار و چالاکی هاوبەشمان هەبووە و هەیە.
لە بەدوداچوونەکانم بەردەوام بووم؛ بە زمانێکی گللەیی ئامێزەوە تەلەفۆنێکم بۆ کاک کەمال ڕەوف خاوەنی دەزگای شارپرێس کردو لێمپرسی: تۆ ئاگاداری ڕێوشوێنی پرسەی شەهید غەزاڵ بوویت؟ گوتی: ئاگاداری نیوەی بابەتەکە بووم. هەروەها گوتیشی: هەر لەسەرەتاوە وا بە باش زانرابوو، چەند کەسێکی کەم بەشداری مەراسیمی ناشتنەکە ببن، بەڵام کاتێک چوینە سەر قەبرستان، لە کاتژمێر دوو تا سێ چاوەڕێ بووین، دواتر لە برادەرانی کۆمەڵەوە هەواڵ هات، کە بە هۆی باری ئەمنییەوە ناشتنەکە ناکرێت، ئیدی گەڕاینەوە. بەڵام دواتر ئێمەش شۆک بووین، کە لە فەیسبوکەوە بینیمان بەو جۆرە مەرسیمەکە بەڕێوەچووە!
هەر لە بەدوادچوون بەردەوام بووم، لە دۆستێکی خۆم لەناو کۆمەڵەی زەحمەتکێشان پرسی، لە وڵامدا گوتی: بەڵی بە هۆی باری ئەمنیەوە خۆمان بڕیارماندا قەرەباڵخی نەکرێت و لە سنورێکی دیاریکراودا مەراسیمەکە بەڕێوەبچێت و گۆڕانکاری لە کاتەکانیشدا کرا، بەڵام بەداخەوە بە زانینبێت یان بە نەزانی، بە لاڕێدا برا و نەمزانی ئاوا دەکەوێتەوە. هەروەها گووتی: تەنانەت بەشێک لە هاووڵاتیانی کوردی ڕۆژهەڵات و لایەنەکانی تریش، کە لەم سنورە نیشتەجێن، نیگەران بوون لەوەی، کە ئاگادار نەکراون.
هەر دوێنی نەوید میهراوەر ئەندامی دەستەی کارگێڕی کۆمەڵە، لە لێدوانێکدا کۆمەڵێک ڕاستی تریشی خستەڕوو و گووتی: (لەبەر ئەوەی گواستنەوەی تەرمەکە زۆر ئاشکرا نەبێت، لە هیچ ئۆرگانێک یان لایەنێک داوای ئامبۆڵانسمان نەکرد. بە باشمان زانی بۆ ڕەچاوکردنی دۆخی ئەمنی، بە ئۆتۆمبێلی ئاسایی تەرمەکە بگوازرێتەوە). هەروەها نەوید میهروەر ئەوەشی گووت: (بەپێی زانیارییەکان، مزگەوتی شێخ سەعیدی پیران ئامادەکرابوو).
بەم جۆرە دەردەکەوێت: زۆرێک لەو چیرۆک و قسە و باسانەی، کە لەسەر کەیسی شەهید غەزاڵ گوتران و نوسران، ڕاست نەبوون، بەڵکو چەواشەکردنی ڕای گشتی بوون.
سەبارەت بە پرسی کەمتەرخەمی نەخۆشخانەکانیش پێمخۆشە ئەوە بڵێم: بەدەر لەوەی سوپاس و پێزانینی زۆرم بۆ ماندبوونی ستافی هەردوو نەخۆشخانەی شۆڕش و بەخشین هەیە، لە هەمان کاتدا پێم وایە: کاتێک بریندارێک دەبرێتە بەردەستیان، جا کوردبێت یان غەیرەکورد، ئیدی دەبێت هەموو یاساو ڕێنماییەک بەلاو بخرێت، تا ئەو کاتەی بریندارەکە چارسەر دەکرێت. لەم ڕووەوە هەر کەمتەرخەمییەک کرابێت، لادان و بێڕەوەشتییە بە پیشەی پزیشکی و پێویستە لێپرسینەوە بکرێت.
لە گەڵ ئەوشدا زۆر دڵنیام (بەشێک) لەو گوشارانەی کە لەسەر نەخۆشخانەی بەخشین درووستکراوە، هی ئەویە کە موڵکی حیزبێکی لاوازی ئیسلامییە. ئەگەر نا، خۆ نەخۆشخانەی شۆڕشیش تا ئەندازەیەکی زۆر هی یەکێتییە، کە حزبێکی گەورەترە و لە حکومەتیشدایە. بۆیە دەبوو ڕەخنەی هەمووان زیاتر ڕوو لە کەموکوڕیەکانی ناو نەخۆشخانەی شۆڕش بێت، کەچی خودی قسەبێژەکانی کۆمەڵەی زەحـەتکێشانیش پاساویان بۆ نەخۆشخانەی شۆڕش دەهێنایەوە!
سەرئەنجام، بە ناوی هەزاران کەسەوە کە غەدریان لێکرا دەپرسین: ئەگەر مەراسیمی ناشتنی شەهید غەزاڵ، لەبەر باری ئەمنی پێویستی بە بێدەنگی هەبوو، ئەی بۆ بابەتەکەتان وەها خستە ناو میدیاو سۆشیاڵمێدیاکانەوە، کە گوایە خەڵکی ئەم شارە بێهەڵوێستبوون؟! خۆ بە پێچەوانەشەوە، ئەگەر پێویستی بەوە هەبوو هەزاران کەس لە ژن و پیاو بچنە سەر قەبرستان و مەراسیمێکی شکۆداری بۆ ڕێکبخرێت، ئەی بۆ لە هەمان ئەو پەیج و مێدیایانەوە بانگەوازتان بۆ خەڵک نەکرد، تا پێکەوە لە سلێمانیەوە، بە یەک دەنگی، بانگی حەق و کۆڵنەدان بە گوێی دووژمن و داگیرکەردا بدەین؟! ئەگەر پێتان وابوو: کەیسی غەزاڵ کەیسی کوردبوونە، بۆ ڕێگەتاندا، بکرێتە بابەتی ململانێی نێوان تیڤییەکانی وەک: ئاڤا و کەناڵ8 و کوردستان ٢٤ و گەلی کوردستان و ڕوداوو؟!
لە کۆتاییدا دەپرسم: کە خودی حیزبی کۆمەڵە نەیوسیتبێت خەڵک ئاگاداربێت، ئیدی گوناهی خەڵک چییە؟! ئایا ئێستا خەڵک و ئێمەومانان حەقی گللەیی و گومانکردنمان نییە؟! ئایا ئەم هەڵایە هەر لە بنەمادا بۆ سفرکردنەوەی ئەو ڕۆڵە گەورە و مێژووییە نەبوو، کە خەڵکی هەرێم بە گشتی و سلێمانی بە تایبەتی لە پرسی ڕۆژئاڤادا گێڕایان؟! ئایا بەم جۆرە لە پەرتەوازەیی و کارکردن دەتوانین ڕووبەڕووی ئەو مەترسییانە ببینەوە، کە لەسەر گەلەکەمان درووست دەبن؟ ئایا ئەمە بۆ خۆبەپاڵەوان کردن نەبوو؟! ئایا ئەم بابەتە تێکەڵ بە کەیسەکانی سەرۆککۆمار و گۆڕینی پارێزگاری کەرکوک و ململانێی نەگریسی مەلایی و جەلالی نەکرا؟ ئەپرسم لە دوای ئەو هەموو گومان و سوکایەتییەی، کە بە خەڵک کرا، ئایا ویژدانتان ئاسودیە؟! ئایا هی ئەوە نیە ئەو بەڕێزانەی لەم مەسەلەیەدا ڕۆڵێکی نەرێنیان گێڕا و درز و گومانیان درووست کرد، داوای لێبوردن لە خەڵک بکەن؟
ڕۆحی شەهید غزاڵ و کۆی شەهیدان شادبێت، مردن و سەرشۆڕشی بۆ تەواوی دوژمنانی گەلەکەم.
|