رەشنوسی بەهێزکردنی پشتیوانی نیشتیمانی... هیوایەک بۆ ئاشتی هەمیشەیی لە تورکیا
11/08/2026
|
453 جار خوێندراوەتەوە
پرسی ململانێی چەکداری لە نێوان دەوڵەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، بۆ زیاتر لە چوار دەیە وەک یەکێک لە ئاڵۆزترین گیروگرفتە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ماوەتەوە، بەڵام ئێستا هیوایەک بۆ ئاشتی و کۆتایی هاتنی ململانییەکان هاتۆتە کایەوە و رەشنوسی یاسای بەهێزکردنی پشتیوانی نیشتیمانی و تێکەڵاو بوونی کۆمەڵایەتی، دەیەوێت تەواوی کێشەکان چارەسەر بکات، بەڵام لەمپەری کردەیی و تیۆری لەبەردەمدایە.
بەردەوامی جەنگ، جگە لە زیانە مادی و مرۆییە گەورەکان، کاریگەریی ڕاستەوخۆشی لەسەر ئارامی، گەشەی ئابووری و هاوسەنگییە جیوپۆلیتیکییەکانی ناوچەکەش هەبووە، لەوەها کەشوهەوایەکدا، هێنانەئارای دیالۆگ و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی سیاسیی گشتگیر، وەک پێویستییەکی مێژوویی و دیپلۆماسییانە سەیر دەکرێت، کە دەکرێت ئاسۆی نوێ بۆ گەشەپێدان و سەقامگیری بپێکێت، کە جەنگ بەرەو وێرانی برد.
دانوستان و دیالۆگی سیاسی، ئامرازێکی بنەڕەتیی دیپلۆماسی هاوچەرخە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییە درێژخایەنەکان، ئەزموونەکانی ڕابردوو، بە تایبەتی خولی دیالۆگەکانی ساڵانی 2013-2015، نیشانیاندا کە زەمینەی لێکتێگەیشتن و کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان لە ڕێگەی ئیرادەی سیاسییەوە مەحاڵ نییە، داڕشتنەوەی پرۆسەیەکی نوێی ئاشتی لەسەر بنەمای بەهای هاوبەش، کاراکردنی کەناڵە دیپلۆماسییەکان و سوودوەرگرتن لە میانی نێودەوڵەتی یان دیالۆگی بێلایەنانە، دەتوانێت متمانەی لەدەستچووی نێوان لایەنەکان بگەڕێنێتەوە و زەمینە بۆ ڕێککەوتنێکی نەپچڕاو بڕەخسێنێت.
بۆ ئەوەی هەر جۆرە لێکتێگەیشتنێک بەرەو ئەنجامێکی جێگیر هەنگاو بنێت، پێویستە پرۆسەکە لەسەر چەند پایەیەکی هاوسەنگ دامەزرێت:
یەکەم: چاکسازیی یاسایی و مافە سیاسییەکان: کارکردن لەسەر گونجاندنی چوارچێوە یاسایی و دەستوورییەکان بە شێوازێک کە ڕێز لە فرەیی کلتوری، کۆمەڵایەتی و بەشداریی ڕەوای سیاسیی هەموو پێکهاتەکان بگرێت.
دووەم: گواستنەوەی ئاشتییانە و هەڵوەشاندنەوەی چەک: داڕشتنی میکانیزمێکی ڕوون و شەفاف بۆ کۆتاییهێنان بە چالاكییە چەکدارییەکان و گۆڕینی خەباتی چەکداری بۆ بەشداریی مەدەنی و پارلەمانتاری.
سێیەم: بنیاتنانەوەی ئابووری و کۆمەڵایەتی: دەستپێکردنەوەی پرۆژەکانی پەرەپێدان لەناوچە زیانلێکراوەکان و ڕەخساندنی دەرفەتی ئابووری کە سەقامگیریی درێژخایەن مسۆگەر بکات.
چوارەم: گەڕانەوەی هیوا بۆ ئۆجەلان و ئازادکردنی دەمیرتاش و زیندانیانی دیکە و گەڕانەوەی ئەحمەد تورک و هاوڕێکانی بۆ سەر کارەکەی، گەرەنتی دووبەرەنەکردنەوەی سیستمی قەیوم.
رەشنوسی یاسای بەهێزکردنی پشتیوانی نیشتیمانی و تێکەڵاو بوونی کۆمەڵایەتی چییە؟
رەشنوسەکە لە 12 مادە پێکهاتووە، لەلایەن ئەو لیژنەیەی لە چوارچێوەی پڕۆسەی "تورکیا بێ تیرۆر"دا دارێژراو یەکەم کۆبوونەوەی خۆی لە 5ی8ی2025 ئەنجامدا، دوای ساڵێك خرایە بەردەم پەرلەمان.
بەپێی رەشنوسەکە، پێویستە ئەو ئەندامانەی پارتی كرێكارانی كوردستان کە دەیانەوێت سودمەندبن لە پەیڕەوەکە، لەماوەی شەش مانگدا داواکاری پێشکەش بکەن.
هەروەها ئەو تاوانانەی کە پێش ساڵی 2005 بە زیندانی هەتاهەتایی قورس یان زیندانی هەتاهەتایی سزا دەدرێن، لە چوارچێوەی ئەم یاسایە بێبەشن.
هاوکات، ئەو تاوانانەی سزای کەمتر لە 15 ساڵ زیندانییان لەسەرە، سزای دواخستنی پێنج ساڵیان بەسەردا جێبەجێ دەكرێت، هەروەها ئەو تاوانانەی سزای زیاتر لە 15 ساڵ زیندانییان لەسەرە، سزای دواخستنی دە ساڵیان بەسەردا جێبەجێ دەكرێت، دوای ئەوە سزاکە هەڵدەوەشێتەوە.
هەندێک بڕگە دەستبەجێ لەگەڵ دەرچوونی یاساکە دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە، هەندێکی دیکەش لە هەمان کاتدا لە ڕێگەی میکانیزمێکی پشتڕاستکردنەوە و چاودێریکردنەوە جێبەجێ دەکرێن کە دادەمەزرێت.
لە کۆتاییدا، گەیشتن بە ڕێککەوتنی سیاسی لە نێوان تورکیا و کورد ، تەنها دەستکەوتێکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو وەرچەرخانێکی ستراتیژییە بۆ تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گۆڕینی هاوکێشەی شەڕ بۆ هاوبەشی و ئاشتی، دەتوانێت هێز و تواناکانی ناوچەکە لە ئاڵۆزییە ئەمنییەکانەوە بۆ ئاڕاستەی گەشەپێدان و هاوکاریی هەرێمایەتی بگۆڕێت، کە تێیدا دیالۆگ دەبێتە جێگرەوەی یەکجارەکیی بەکارهێنانی هێز، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا هێشتا لە ئاست ویست و خەباتی کورددا نییە، بەڵام دەکرێت وەک سەرەتایەک سەیر بکرێت بۆ ناساندنی پرسی کورد کە ساڵانێکی زۆر نکۆڵی لێدەکرا.
|