گه‌رمیان دەڤەرێکی كاره‌ساتبار !

  06/07/2020  |    1229 جار خوێندراوەتەوە

ئەوەی بۆ ٥ خولەکیشبێت سەردانی تەندروستی گەرمیان بکات، بۆی دەردەکەوێت چ کارەساتێکە ناوێکی گەورە و بینایەکی چۆڵ و چەند کارمەندێکی کەمی خەم خۆر و خۆنەویست و کۆڵنەدەر، لە ژێر ئەو ناوە زەبەڵاحەدا خەمی دانیشتوانی ئیداریەکیان لە کۆڵناوە و لەم ساتە ناھەموارەدا ژیانی خۆیان خستوەتە مەترسیەوە بۆ ئەوەی خزمەتێکی کەمی ئەم خەڵکە لێقەوما و رەشو ڕوتە بکەن.

کەرتی تەندروستی گەرمیان چارەکە سەدەیەکە شەلەل بوە و برواناکەم ھیچ کەسێک لەم ناوچەیە ئومێدی پێی ھەڵچنیبێت، لەگەڵ ھاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنادا نەخۆشخانەی قەڵا لەدایک بوو،چەند سەرمایەدار و خۆبەخش و ژمارەیەک بەخشەر لەماوەیەکی کەمدا دروستیانکرد و پێشکەش بە تەندروستیانکرد، دروستیکردنی ئەو نەخۆشخانەیە کەمێک تروسکای لە دڵی گەرمیانیەکاندا دروستکرد، بەڵام بەداخەوە ئەو ھیوایە ھەرزوو ھەموانی بێ ھیواکرد و لە ئێستادا گرفتی نەبوونی پزیشک و کارمەندی تەندروستی تەنگی بە نەخۆشخانەکە ھەڵچنیوە و لە ئێستادا تەنھا چەند کارمەنێکی کەمی خۆبەش دەیبەن بەڕێوە ھەندێک جاریش نەخۆشخانەکە شەوان تا بەرەبەیان بەبێ خەفەر نەخۆش بەڕێدەکات و تووشبووەکان دەدرێنە دەستی قەدەر، لەکاتێکدا ھەندێکیان بەھۆی تەنگەنەفەیسی و ئۆکسجینەوە پێویستیان بە چاودێری ورد ھەیە.

لێرەدا ئەوەی گرنگە جیاواو لە ھەر ناوچەیەکی دیکەی ھەرێم گەرمیان وەک شاری کارەساتبار تەماشابکرێت وبەزوی تیمی تەندروستی و ھاوکاری پزیشکی ب‌گەیەندرێتە سنورەکە، چونکە ژمارەیەکی زۆر تووشبوو ھەن و مەترسی زیاتربوونی ڕێژەکە دەکرێت، ئەگەربێت و ئەم ناوچەیە پشتگوێ بخرێت کارەساتێکی مرۆی گەورە چاوەروانی گەرمیانیە خێرلەخۆنەدیوەکان دەکات.

بە بەردەوامی ئاگادار دەکرێینەوە کە وەزعی دەیان نەخۆش خراپە و ژیانیان لە مەترسیدایە، چەند ڕۆژێکە دەیان کەس پەیوەندیان پێوەکردوم بۆ بەخشینی پلازما بۆ ئازیزەکانیان، دەیان دۆست و دراوسێ و خزم و ناسیاوی خۆمان لە سنورەکە بەخۆمیشەوە تووشی کۆرۆنابوون و زۆربەیانی لەماڵەوە دانیشتون و چاوەروانی رەحمەتی خودا دەکەن.

زیاتر