خۆزگە مەسعود بارزانی کوڕێکی چاکی بایۆلۆژیی وەک فەرسەت سۆفیی دەبوو

  21/11/2020  |    3119 جار خوێندراوەتەوە

کە پێغەمبەر محمد د.خ لە مەدینەوە گەڕایەوە مەکە، فەرموی ئەوەی بچێتە ماڵی ئەبو سوفیان [دوژمنێکی سەرسەختی پێغەمبەر]، پارێزراوە.
ئەو لێبوردەیییەی پێغەمبەر دوژمنەکانی گۆڕی بە دۆست.

- کە جۆن مەکین بەرانبەر ئۆباما لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٨دا دۆڕا، وتارێکی پێشکەشکرد. لەو چەند رۆژەی رابردودا کە تڕامپ رەتیدەکاتەوە شکستەکەی قبوڵبکات، ئەو وتارەی مەکێن لە میدیای ناوخۆ و نێودەوڵەتیی و سۆشیەڵ میدیا جارێکی تر نیشاندرایەوە. چەندە گرنگە نەیاری سیاسیی کەسێکی خاوەن ئەخلاق و بەهای باڵا بێ و باوەڕی بە دیموکراسیی هەبێت، مۆدێلێکی جوانی سەرکردایەتیی و بردنەوە و دۆڕاندن لە ململانێی سیاسیی پێشکەشبکات نەک کەسێکی رقئەستور و نادیموکرات کە وڵات بخاتە بەردەم دابەشبونی گەورەی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی.

- کە قادری حاجی عەلی کۆچی دوایی کرد، تێكڕای رەنگ و ئاراستە سیاسییەکان و خەڵکی زۆربەی شار و شارۆچکەکان بۆی بە خەم بون، جگە لە گەندەڵەکان. قادری حاجی عەلی لەناو سیستەمێکی گەندەڵ و ئینسانکوژدا، سەردەمانێک بەرپرسی دەزگایەکی تۆقێنەری وەک دەزگای زانیاریی یەکێتیی بوە، بەڵام کۆچی دوایییەکەی بە خێر کۆتایی هات. پیاوێک بو وەک ریفۆرمیستێک ماڵئاوایی کرد.

- کە فەرسەت سۆفیی بو بە پارێزگاری هەولێر، من لە تویتەر -تویتەکە لە کۆمێنت دادەنێم- گوتم "شتێک من دەربارەی فەرسەت سۆفیی دەیزانم، سیاسەتی لێ بەدەربکە، ئەوەیە کە ئەو ئینسانێکی گەندەڵ نییە. خاوەنی هیچ بزنسێک نییە. کوڕی سەرۆک عەشیرەتێک نییە و ئینسانێکی خوێندەوارە. سەرەڕای ئەوەی فەرسەت سۆفیی ناتوانێت شتێک بکات کە بنەماڵەی بارزانی نایانەوێت، ئەو کاندیدێکی گونجاوە بۆ ئەو پۆستە بە بەراورد بە بەرپرسە گەندەڵەکانی تر.ئەو دەتوانێت پارێزگارێکی لۆکاڵی باش بێت کە خزمەتگوزرایی گشتیی باشتر فەراهەم بکات چونکە چاوی لە ئیشەکەی خۆیەتی نەک بزنس و گەندەڵیی، بە هیوام."

ئێستا کە فەرسەت سۆفی ماڵئاوایی کردوە و جێی بەهەشت بێت ئینشاڵا، پێویستمان بەوەیە فێرببین بەرانبەر نەیارە سیاسییەکانمان لێبوردە بین، بێگومان ئەو نەیارە سیاسییانەی تاوانیان ئەنجامنەداوە. فەرسەت سۆفیی و هاوشێوەکانی قوربانیی سیستەمێکی گەندەڵن، ئەوان خودی سیستەم نین. ئەوان سەرەڕای ئەوەی هەندێکجار تەنها ماکیاجێکن بۆ سیستەمی گەندەڵ، بەڵام هەبونیان سەدقات لە نەبونیان باشترە. ئێمە دەبێت بە پەیوەست و بەراورکردنی ئەوانیدیکەوە لە فەرسەت سۆفیی و بەرپرسانی خۆمان بڕوانین. هیچیان پەپولە نین، ئەوەندەی کەسێک لەناو ئەو سیستەمە بێت بەسە بۆ ئەوەی پەپولە نەبێت، بەڵام جێی دەستخۆشییشە کەسێک لەناو ئەو سیستەمە گەندەڵە بێت و نەبێتە بەشێکی ناشیرین لێی.

ئێمە دەنوسین و چالاکیی دەکەین و رەخنە دەگرین بە ئامانجی گۆڕانکاریی سیاسیی، ئابوریی، و کۆمەڵایەتیی. ئامانجمانە عەدالەتی کۆمەڵایەتیی و ئابوریی بچەسپێت. دەمانەوێت سیستەمێکی دیموکراتیک و ئیدارەیەکی چاکمان هەبێت. دەبێت باشەکان -کە زۆر زۆر کەمن، سودفە رودەدا یەکێک باش بێت- هەست بەوە بکەن کە کۆمەڵگە لەپشتیانە نەک هەموان وەک چەتە تەماشایان دەکەن. فەرسەت سۆفییەکی ناتوندوتیژی خاوەن ئەخلاق و ناگەندەڵ پارێزگاری هەولێر بێت کە رێزی خەڵک دەگرێت باشترە نەک شەقاوەیەکی سیاسیی کە لەسەر حیسابی خەڵک دەوڵەمەند دەبێت و سوکایەتیی بە خەڵک دەکات.

ئایا ئامانج گۆڕانکارییە لە سیستەم و گۆڕینی لۆردانی شەڕ یان یەکسانکردنی هەموانە لەناو سیستەمدا بە یەک چاو کە دواجار وا دەکات ئەوانەی لەناو سیستەمن شەڕ بۆ مانەوەی بکەن نەک هەوڵبدەن بەشدار بن لە گۆڕانکارییدا -ئەوەندەی پێیان دەکرێ-؟

ئێستا کە پارێزگارێکی دیکەی هەولێر دادەنرێت، ئایا بۆ هەولێر و هەولێرییەکان و خەڵکی کوردستان وا باشترە کەسێکی وەک فەرسەت بێت کە دەمرێت نە بەشدارە لە کوشتنی کەس، نە گەندەڵییەکی ئەوتۆی کردوە ژیانی خەڵکی تێکدابێت لە هەولێر، یان کەسێک لە هەر روکنێکی شار خانوێکی هەبێت و کۆیلەی بزنسمانە سیاسیی و ناسیاسییەکان بێت و کوڕی بنەماڵەیەکی خوێنمژ بێت و کەسوکارەکەشی لە ئاساییش چەقۆ بە دەست بن بەرانبەر ئازادیخواز و رۆژنامەنوسان؟

بەڵێ، فەرسەت سۆفی دواجار یەکێک بو لە بەرپرسەکانی ناو ئەو سیستەمە گەندەڵەی کوردستان، مەسعود بارزانییش بە کوڕی خۆی داناوە، بەڵام خۆزگە کوڕەکانی دیکەی مەسعود بارزانییش هەروەک فەرسەت سۆفیی کوڕی باش دەبون نەک بازرگان و گەندەڵ و چەکوش-بە-دەست بۆ گیانی ئازادیخوازان و رۆژنامەنوسان و نەیارانی سیاسیی. خۆزگە پارتیی لەبری تەنها فەرسەتێک ئەو فەرسەتە دەکاتە فەرسەتێک بۆ ئەوەی فەرسەتی دی دروستبکات. خۆزگە مەسعود بارزانییش بیری لەوە دەکردەوە کوڕێکی بایۆلۆژیی چاکی وەک فەرسەت سۆفیی وەک دیاریی پێشکەشی کوردستان بکات، ئەگەر زۆر درەنگ نییە!

زیاتر