سوڵتان هاشم و ئیسک و پروسکی ئەنفالکراوەکانمان

بەختیار شاوەیس

ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی
  22/07/2020  |    630 جار خوێندراوەتەوە
 لەگرتوخانەی حوتی پارێزگای زیقار و بەجەڵتەی دڵ لەتەمەنی ٧٥ ساڵیدا سوڵتان ھاشم وەزیری بەرگری ڕژیمی پێشوو کۆچی دوایی کرد.

ھاشمی تاوانباری دۆسیەی ئەنفالی دوێنێ و پاڵەوانی ئەمڕۆی ناو ھەندێک میدیا و شاشەکانی تەلەڤزیۆن کەھەزاران کەس ئامادەی ناشتنەکەی بون، کۆتایی بەژیانی ھات و حوکمی لەسێدارەدانەکەیشی جێبەجێنەکرا.

ئامادەبونی خەڵکانێک لەعەشیرەت و کەسوکارەکەی لەمەراسیمی ناشتنەکەی تاڕادەیەک ئاساییە، بەڵام ئەوەی کەنائاساییە و جێگەی ھەڵوێستەلەسەرکردنە ئەوەیەکە؛ ١- لەلایەن ھەندێک لە نوێنەر و سیاسەتمەدار و دەسەڵاتدارانەوە، سوڵتانی تاوانبار کرایە پاڵەوان و بەشکۆ و شەھامەتەوە باس لەڕابردووی دەکراو بەپەخشان و شانامەوە دەیانلاواندەوە، ھەروەک لەشکرێک لەسۆشیال میدیا وڕاگەیاندنی بەرخۆر و سێبەر لەم پڕۆسەی بەپاڵەوانکردنەدا درێغیان نەکرد.

٢- ئەم جۆرە دیمەن و ڕوداوانە کەتیایدا جەلاد دەکرێ بەقوربانی، ئیتر ھیچ مانایەک بۆ قوربانیەکان نامێنێتەوە و بۆ لەمەودوا لەبری ئەوەی داوای ھێنانەوەی ئێسک و پروسکی دایک و خوشک و براو منداڵە ئەنفالکراوەکانمان بکەین لەحکومەتی عیراق، کە تائێستا لەبیابانەکانی عەرعەر و نوگرەسەلمان و سەماوە و خواری عیراق جێماون، دەبێ بڵێین ببورن ئەوانە کەسوکاری ئێمە نین و مخریب ن و حاشا ئێمە نایانناسین!!!

٣- کاتێک کەجەلادێکی وەک سوڵتان ھاشم دەکرێتە شەھید و حکومەتیش زیتەی چاوی دێت و ھەندێک لەنوێنەرەکانی پەرلەمان وەک ڕەمزی قارەمانیەتی جەلادێکی سەردەمی ڕژێمی بەعس دەیناسێنن، ئیتر ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ ڕژێمەکە تەنھا بەدەموچاوەکان گۆڕاوە، ئەگەر نا لەھەندێک شوێن و جومگەدا ھەمان عەقڵیەت و بیرکردنەوەی بەعسیانە بونی ھەیە.

٤- ھەروەک لەلایەکی دیکەوە فەشەلی سیاسی و ئیداری و ئابووری ھێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی سەدامی خوێنمژە کەئێستا لەحوکمدان، ئەگەر نا چۆن ھەندێک لەسیاسی بەم شێوەیە بیردەکاتەوە و گەندەڵی حیزبە دەستڕۆشتوەکانە کە بەشێک لەڕای گشتی بەرەو گەڕانەوەی سەدامیەکان دەڕوات.

٥- دادگای باڵای تاوانەکانی عیراق لە ساڵی ٢٠٠٧ بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ سوڵتان ھاشم دەرکردوە، بەتاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی. ئێستا دەبێ ئەو دادگایە وەڵاممان بداتەوە کەداخۆ ئەو ڕاستبوە یان ئەوانەی کەئێستا سوڵتان ھاشمیان لێکردوینەتە پاڵەوان.

ماوەتەوە بڵێم؛ ئەگەر سەدام حسەین ئیعدام نەکرایە، دڵنیام ئەو سیاسی و نوێنەر و دەسەڵاتدار و زوڕناژەنانە دەچون دەستیان دەگرت و دەیانخستەوە سەرکورسیەکەی لەکۆشکی سەلام، چونکە بەداخەوەپێدەچی کۆمەڵگەی عیراقی حەزی بەم جۆرە حوکمە بێت. ڕێک وەک ئەوەی کە کەنعان مەکیە باسی دەکات.

زیاتر