ڕامانی کرێکارێک، لە ماتۆڕە دەست بەسەر گیراوەکەی

بەشدار عوسمان

رۆژنامەنوس
  15/09/2020  |    2640 جار خوێندراوەتەوە
بە قورگێگی گریانەوە، چاوێکی ماندووەوە، نیگایەکی غەمبارەوە دوا ماڵئاوایی لە ماتۆڕەکەت دەکەی.

بە گیرفانێکی خاڵییەوە، ڕامانێکی ساردەوە لە تەنها سەرچاوەی بژێویت ڕادەمێنی کە دڵنیام دەیان ژەم سگی خۆت و خێزانەکەت هەڵکوشیوە بۆ بەدەستهێنانی تا لەکاتی خۆی بگەیتە سەر کارەکەتەوە، بەڵام ئیتر ناگەیت و ئەو دەستە زبر و ماندوانەش لە دواوە گرتوتن پشویەکی باش دەدەن لە بێکاری .

لە وڵاتی سەروەری یاساوە، بۆت نیە یاسا شکێنی بکەی و باجی ئەو هەموو رێگاوبانە باشە و ژینگە جوانەیە نەدەیت، تۆیەک کە هەموو خزمەتگوزارییە تەندورستیەکانت بۆ دابینکراوە، لەباخچەی ساوایانەوە تا تەواوکردنی کۆلێژ وەکو بەچکە بەرپرسەکان زەمینەت بۆ ڕەخساوە، بەهرەمەندی لە خانوی گونجاو، وەکو ئەوان چۆن لێگزز و جاکوارەکانیان رەقەم دەکەن و خۆیان لە باج نادزنەوە، تۆش دەبیت باجی ئەو یاسا شکێنیەت بدەیت ئیتر تا ماوەیەکی دوور دوور بە ترام و قیتار و پاسە مۆدێرێنەکان هاتوچۆی سەر ئیشەکەت بکەی !.

ئیتر بەو بەیانیە مەچوە سەر کارەکەت و بچۆرەوە ماڵەوە، بیر لە وڵاتێک بکەرەوە ماتۆڕی بێ ژمارەی تیادا لێخوڕی بیرە نەوتەکان لەسەر خێڵ و خێزانەکان تاپۆکرابن و ئەوانەی خوارەوەش خەریکی کونکردنی بۆڕیەکان بن، بیر لە جێگایەک بکەرەوە شەق وەشێنەکانی ناو گەڵی مامۆستایان و خۆپیشاندەران وەکو بەرزەکی بانان بۆی دەرچووبن لە سەررووی هەموو لێپرسینەوەیەکەوە بن.

چاو ببڕە مەملەکەتێک بە دەرزی و دەرمانی ئێکسپایەر چاوی نەخۆشەکانیان کوێر کردبێ، خۆراکی بەسەرچووی دەیان وڵات لە بازاڕەکانی ئاسایی مامەڵەی پێوە بکرێت، لە مەملەکەتێکدا دەستدرێژیکەرانی سەر مناڵان ئازاد بن، بەرپرسەکانی بازرگانی مادەی هۆشبەربن، زانکۆکانی تەژی بن لە نەخوێندەوار ، بڕۆ لەوی هەوڵدە خۆت لە باج بدزیتەوە!.

 لەهەنسکی دەرنەهاتووت، لە تێڕامانە توڕەکەت باش تێدەگەین ئەی گەنج، کە چ رقێک لەناختدا پەنگیخواردۆتەوە، لەکاتێکدا دەیان نا یەکسانی و ستەم و زۆرداری لەبەرچاوتدا دەبینی،هەموو دەروازەیەکی ژیان و کاسبیان لەتۆی مناڵە هەژار بەستووە، بەئازایەتی و بەرزی نەفسیەتت دەتەوێت لە بەرەبەیانێکدا خۆت بگەیەنیتە سەر کارەکەتەوە و نانێکی شەڕەفمەندانە بۆ خۆت و خێزانەکەت دابین بکەی .

دیمەنەکەت چەندە ناخهەژێنە، دەیان هێندە ئومێدبەخشە،هەموو هەوڵێکیانداوە تۆ بێکار بمێنیتەوە و ببیت بەبەشێک لە پاراستنی ئەو هەموو ناعەدالەتی و ستەمکارییە، ئەوەی توانیان کردیان ئیشەکانی ئێوە بە دەیان کەڕەت گرانتر بسپێرن بە کۆمپانیاکانی خۆیان، بەڵام ئێوە کۆڵتان نەدا و بەژیانێکی مەمرە و مەژی و ئیرادەیەکی بەهێزەوە بەردەوام بوون.

ئەی گەنج، تۆ دەزانی ئێستا هەزارانی وەک ئێمە دەیانەوێت تێر لەباوەشت بگرین و دەستە هیلاک و ماندووەکەت ماچ بکەین؟ ئەوەش دەزانی هەزارانیتر قێز لەئەوانیتری ناو وێنەکە دەکەنەوە بەبێ مووچەیی بونەتە بەشێک لەپاراستنی پایەکانی ستەمکاری و ناعەدالەتی و رۆژانە دڵ و دەروونی هەزرانی وەکو ئێوە دەڕەنجێنن ؟ مناڵەکانیان بێ شیر و خۆراک دەکەن.

 لەوڵاشەوە سوجدە بۆ بەرپرس و بەچکەکانیان دەبەن و لەبەرچاویان لەشەقامەکاندا تەراتێن بە سەیارە و یاساکانیان دەکەن، بچوکترین ئاماژەی نارەزایەتیشیان لەکەمترین حاڵەتدا شەق تێهەڵدانی لەدوا دێ .

دەستە شەقارییەکانتان، ڕامانە پڕ لە بێ ئومێدییەکانتان، ڕەنگە پەڕیو و توڕەکانتان، لاشە بەهێز و پڕ ئیرادەکانتان، مژدەی ئایندەیەکی باشتری بۆ هەموومان پێیە .

زیاتر